14 بەربژێری تورکمان و 7 بەربژێری کریستیان لە هەولێر رکابەرایەتی بۆ بەدەستهێنانی کورسیی کۆتاکان دەکەن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە بازنەى پارێزگاى هەولێر 14 بەربژێرى کۆتای تورکمان بۆ یەک کورسی رکابەری دەکەن و 7 بەربژێرى کریستیانیش ناویان تۆمار کردووە بۆ ئەو کورسییەى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمان کوردستان لەو پارێزگایە بۆیان دیاریکراوە، بەڵام بەرەى تورکمانى لە دەرەوەى کۆتا بە لیستێکى 11 کەسی بەشدارە.

بەگوێرەى لیستى بەربژێرانى کۆتاى پێکهاتەکان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کە دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتووە، لە بازنەى پارێزگاى هەولێر 7 کەس وەک سەربەخۆ بۆ رکابەرى لەسەر کورسیی کۆتاى پێکهاتەى کریستیان لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان ناوى خۆیان تۆمار کردووە. 
 
زیا بوتروس، یەکێک لە بەربژێرەکان، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "ئەو 7 بەربژێرە وەکو سەربەخۆ ناویان تۆمار کردووە، نەوەک وەک کەسی حیزبى، هەرچەندە کەسانێکى تێدایە کە سەر بە حیزبە سیاسییەکانن".
 
لە سنوورى هەولێر یەک کورسی بۆ کۆتای کریستیان دیاری کراوە کە ئەو 7 بەربژێرە رکابەرى لەسەر دەکەن و کامیان زۆرترین دەنگى هێنا، براوە دەبێت. 
 
زیا بوتروس گوتى، "ئەو پارەیەى کە لە بەربژێرى سەربەخۆ وەردەگیرێت زیاترە لەوەى کە بە ناوى پارتێکەوە خۆى بەربژێر دەکات".
 
ئەگەر بەربژێرێک بە ناوى لیستى حیزبەوە بەشدار بێت لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، بڕى 5 ملیۆن دینارى لێ وەردەگیرێت، بەڵام ئەگەر بە سەربەخۆ بەشدار بێت، یەک ملیۆن دینارى لێ وەردەگیرێت. زیا بوتروس گوتى، "310 هەزار دینارى دیکەش لە بەربژێران وەردەگیرێت کە بۆیان ناگەڕێندرێتەوە". 
 
هەر بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، 14 بەربژێری تورکمان ناوى خۆیان تۆمار کردووە. 
 
کازم یاوەر، یەکێک لە بەربژێرەکانى کۆتاى تورکمان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، وەکو سەربەخۆ خۆى بەربژێر کردووە و چاوەڕێ دەکرێت "رکابەرییەکى تووند" لەسەر ئەو کورسییەى کۆتای تورکمان هەبێت لە هەولێر، بەو پێیەى بەگوتەى ئەو، "کۆتاکە ململانێى سیاسی لەسەرە".
 
جگە لەو 14 بەربژێرە، بەرەى تورکمانى وەکو لیست بەشدارى لە هەڵبژاردنەکە دەکات لە سنوورى هەولێر و بۆ کورسیی کۆتاکە بەربژێرى سەربەخۆى نییە.
 
ئایدن مەعرووف، ئەندامى مەکتەبی سیاسیى بەرەى تورکمانى ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "ئێمە لەبرى بەربژێرى تاک، بە لیست بەشدارى لە هەڵبژاردن دەکەین لە هەولێر و لیستەکەمان 11 بەربژێرى تێدایە".
 
18ـى تەممووز دوا وادەیە بۆ پێشکێشکردنى لیستى بەربژێران بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کە لەلایەن کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق دیاری کراوە.  
 
بۆ سلێمانى 38 کورسی، هەولێر 34 کورسی، دهۆک 25 و هەڵەبجە 3 کورسی دیاری کراون. لە هەریەک لە هەولێر و سلێمانى دوو کورسی بۆ کۆتای کریستیان و تورکمان دانراوە؛ لە دهۆکیش کورسییەک بۆ کۆتاى ئەرمەن تەرخانکراوە.
 
20ـى تشرینى یەکەمى 2024  لەلایەن سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستانەوە وەک رۆژى هەڵبژاردنى پەرلەمان دیاری کراوە. 
 
بەربژێرانى تاک بۆ کۆتای تورکمان
 
1- محەممەد سەعدەدین ئەنوەر 
2- عەبدولباست خالید رەشید 
3- عیماد یەشار شەوکەت
4- محەممەد ئازى زیادى 
5- هەیمان رەمزى محەممەد 
6- سارە دڵشاد بەکر 
7- مونا نەبى نادر 
8- سۆران سەلاحەدین  شوکر 
9- موشتاق عەبدوڵڵا تۆفیق 
10- ئەحمەد ئاغا موکەڕەم ئەحمەد 
11- کەرخى نەجمەدین نورەدین 
12- دڵشاد محەممەد ئیسماعیل
13- نەجیب موحسین عەلى 
14- کازم یاوەر ئەنوەر 
 
بەربژێرانى تاک بۆ کۆتای کریستیان
 
1- سیڤان سەبرى ئیبراهیم بوتروس
2- نەوزاد پۆڵس حەنا 
3- نۆبار سیبان غەریب 
4- جینان جەبار بۆیا شابۆ
5- زیا بوتروس سڵێوە 
6- رامسى حیکمەت حەنا یوسف 
7- ئیفۆن پترۆز ئۆهان
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی یەکێتی

یەکێتی لە پارێزگای هەولێر نزیکەی 60 بەربژێری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەبێت

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 68 کەسی لە بازنەی پارێزگای هەولێر بۆ پەرلەمانی کوردستان بەربژێر کردووە. لێپرسراوی مەکتەبی هەڵبژاردنی ئەو حیزبە لە پارێزگای هەولێر دەڵێت، دەکرێت گۆڕانکاری لە ژمارەکەدا بکرێت.