گومرگی کرماشان: لە سێ مانگدا 850 ملیۆن دۆلار کەلوپەل هەناردەکراوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گومرگی کرماشان دەڵێت، لە سێ مانگدا هەناردەی کەلوپەل لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایەوە بەراورد بە پار 7٪ زیادیکردووە و گەیشتووەتە 845 ملیۆن دۆلار. 
 
رۆژی دووشەممە، 15ی تەممووزی 2024، عەلی ئەسغەر عەباسزادە، بەڕێوەبەری گشتیی گومرکی کرماشان رایگەیاند، لە سێ مانگی رابردوودا یەک ملیۆن و 669 هەزار تۆن کەلوپەل لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایەوە هەناردە کراوە، کە بەهاکەی 845 ملیۆن دۆلار بووە. 
 
عەباسزادە گوتی، بەراورد بە پار هەناردەکردن لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی کرماشانەوە 7٪ زیادیکردووە.
 
گوتیشی، زۆربەی ئەو کەلوپەلانەی هەناردە کراون بریتین لە ئاسن، کاشی، سیرامیک و کەرەستەی بیناسازی، بەرهەمە پلاستیکییەکان، بەرهەمە شیرەمەنییەکان، سەوزە و میوە.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی گومرکی کرماشان، زیاترین هەناردە لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی پەروێزخان و خوسرەوییەوە بووە. عەلی ئەسغەر عەباسزادە گوتی، لەو ماوەیەدا بایی 269 ملیۆن دۆلار لە دەروازەی سنووریی پەروێزخان و بایی 248 ملیۆن دۆلاریش لە رێگەی دەروازە سنووریی خوسرەوییەوە کەلوپەل هەناردە کراوە.
 
عەباسزادە دەڵێت، لە دەروازەی سنووریی سەومار 233 ملیۆن دۆلار و لە هەر یەک لە دەروازە سنوورییەکانی شێخ سڵە و شووشمێ بایی 100 ملیۆن دۆلار کەلوپەل هەناردە کراوە. 
 
بە پێی ئاماری فەرمیی گومرکی ئێران، پار لە پارێزگای کرماشان بڕی حەوت ملیۆن و 273 هەزار تۆن کەلوپەل بە بەهای 3 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار هەناردە کرابوو. زۆرترینیان لە رێگەی دەروازەی سنووریی پەروێزخانەوە بوو، کە 2 ملیۆن و 788 هەزار تۆن کەلوپەل بە بەهای ملیارێک و 234 ملیۆن دۆلار بوو.