ئەنجوومەنی ئاسایش "پەکەکە" بە ئەنجامدانی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلی بەرپرسەکەی پارتی تۆمەتبار دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، "پەکەکە" بە تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلی بەرپرسەکەی پارتی لە کەلار تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، بە بۆمبی لکێندراو ئۆتۆمبێلەکەیان کردووەتە ئامانج.
 
رۆژی دووشەممە، 15-07-2024، ئۆتۆمبێلی ئەکرەم ساڵح، بەرپرسی لقی 22ـی پارتی لە گەرمیان لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا تەقییەوە. هەمان رۆژ، ئەکرەم ساڵح لەبارەی رووداوەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''کاژێر 09:30ـی بەیانی کاتێک سواری ئۆتۆمبێلەکەم بووم بۆ ئەوەی بچمە دەوام، لەگەڵ جووڵانی، ئۆتۆمبێلەکەم تەقییەوە و گڕێکی زۆر و دەنگێکی بەهێزی لێ بەرزبووەوە.''
 
ئەکرەم ساڵح ئەو کات گوتی، ئۆتۆمبێلەکەی لە دوورەوە بە کۆنترۆڵ تەقێندراوەتەوە، ''بەڵام بە شێوازێک کە چاودێریی من کرابێت و ئاگاداری سەرکەوتنم لە ئۆتۆمبێلەکە بووبن.'' 
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 16-07-2024، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ماوەیەکە گرووپی تێکدەری پەکەکە بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو هەوڵی تیرۆرکردنی هاووڵاتییانی هەرێم و کادیر و ئەندامانی پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەدەن، بە کارە شەڕەنگێزییەکانیان زیان بە سەروماڵی هاووڵاتییانی هەرێم دەگەیەنن".
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لە دوایین کردەوەی شەڕەنگێزییان لە ڕۆژی 15ی تەممووزی 2024 بەهۆی بۆمبی لکێندراوەوە ئۆتۆمبێلی بەرپرسێکی باڵای حیزبییان لە شاری کەلار کردە ئامانج".
 
دەقی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان:
 
ماوەیەکە گرووپی تێکدەری پەکەکە بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو هەوڵی تیرۆرکردنی هاووڵاتییانی هەرێم و کادیر و ئەندامانی پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەدەن، بە کارە شەڕەنگێزییەکانیان زیان بە سەروماڵی هاووڵاتییانی هەرێم دەگەیەنن.
 
لە دوایین کردەوەی شەڕەنگێزییان لە ڕۆژی 15ی تەممووزی 2024 بەهۆی بۆمبی لکێندراوەوە ئۆتۆمبێلی بەرپرسێکی باڵای حیزبییان لە شاری کەلار کردە ئامانج.
 
ئەو گرووپە تێکدەرە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا چەندین هاووڵاتی و ئەندامانی هێزەکانی بەرگری لە کوردستانیان بە ئامانج گرتووە کە بەشێکیان شەهید بوون و لە بەشێک لە کارە تێکدەرانەکانیان سەرکەوتوو نەبوون و پووچەڵ کراونەتەوە. 
 
ئەو گرووپە بەوەش نەوەستاون، بەڵکوو بە سووتاندنی شوێنە گشتییەکان، بازاڕ و مۆڵەکان لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی تر، ڕقی خۆیان هەڵڕشتووە و بوونەتە هۆی زیانگەیاندن بە کاسبکاران و هاونیشتمانییانی خۆشەویستی هەرێمی کودستان. 
 
ئەم گرووپە بوونەتە ئامرازێک بۆ بازرگانیکردن و بڵاوکردنەوەی ماددەهۆشبەرەکان و کاری نایاسایی لە ناوچەکە و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.
 
ئەم سەرەڕۆییەی گرووپی تێکدەری پەکەکە، داهاتووی ناوچەکە دەخاتە بەر مەترسیی هەرێمی و نێودەوڵەتی و کاردانەوەی نەرێنی و نەخوازراو بەدوای خۆیدا دێنێت، بەردەوامیدان بەو کردەوانە بێوەڵام نابێت و سەرکردایەتیی گرووپەکە بەرپرسن لە هەر لێکەوتە و کاردانەوەیەک.
 
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان
 16ی تەممووزی 2024