لە ساڵی 2014ـەوە 300 یەکەی نیشتەجێبوون لە هەڵەبجە بۆ کرێنشینان تەواو نەبوون
رووداو - هەڵەبجە
لە پارێزگای هەڵەبجە 25 باڵەخانە بۆ کرێنشينان و کەمدەرامەتان دروستکراون، کە لە 300 یەکەی نیشتەجێبوون پێکهاتووە، بڕيار بوو پرۆژەکە لە ماوەی 400 رۆژدا هەموو کارەکانی تەواو ببێت؛ بەڵام دوای سێ جار راوەستان و دەستپێکردنەوە، هێشتا کارەکانی پرۆژەکە تەواو نەکراون.
بيلال حەسەن، ئەندازياری سەرپەرشتياری پرۆژەکە دەڵێت، "ئەم باڵەخانانە لە ساڵی 2014 و پێش دروستبوونی قەيران دەست بە دروستکردنیان کراوە، تاوەکو 2015 بەردەوام بوون، بەڵام بەهۆی قەيرانی دارایی نەتوانراوە کارکردن تێياندا بەردەوام بێت. لە ساڵی 2019 جارێکی ديکە کارکردن تێیدا وەستایەوە تاوەکو 2023، بڕياربوو دەستپێبکەنەوە، بەڵام بەهۆی خەرجنەکردنی پێشينەوە وەستاونەتەوە، هۆکاری سەرەکیی وەستانی کارکردن لەم باڵەخانانەدا، نەبوونی بودجەيە."
ماوەی 10 ساڵە دەست بە دروستکردنی پرۆژەکە کراوە، کە سەر بە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوونە، ئێستا تەنیا 10%ی پرۆژەکە ماوە تەواو ببێت، ئەویش پێویستی بە مليارێک و 100 ملیۆن دينارە.
مەريوان حەسەن، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە رایگەیاند، وەزيری ئاوەدانکردنەوە هەوڵەکانی چڕ کردووەتەوە بەوەی داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی وەزيران دەکات پارە بۆ ئەو پرۆژانە تەرخان بکرێت و تەواو ببن و خەڵک لێیان سوودمەند بن، "قەيرانی دارایی بۆ مووچەی فەرمانبەران بەردەوامە. ئەو پرۆژانە کە دەکرێن، پێويستيان بە پارەيەکی زۆرە، بۆيە چاوەڕێین دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان باشتر ببێت، بۆئەوەی ئەو پرۆژانەش بکەونەوە کار."
جگە لە هەڵەبجە، لە ژمارەیەک پارێزگا و قەزا و ناحیەی دیکە پرۆژەی هاوشێوە بۆ کرێنشينان و کەمدەرامەتان دروستکراوە، کە 9400 یەکەی نیشتەجێبوونە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ یەکێک لە پرۆژەکان تەواو نەبوون، بۆ تەواوبوونیشیان پێویستیان بە 200 ملیار دینارە.