پارتی لەبارەی "بەئامانجکردنی" بەرپرسی لقی گەرمیان: لەلایەن هەر لایەن و گرووپێکەوە بێت قبووڵکراو نییە


رووداو دیجیتاڵ

مەکتەبی سیاسیی پارتی لەبارەی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلی بەرپرسی لقی 22ـی حیزبەکە لە کەلار دەڵێت، "کردەوەیەکی تیرۆریستییە" و داوا لە دامودەزگاکانی سنوورەکە دەکات لێکۆڵینەوەی ورد بکەن.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 16-07-2024، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تووندی سەرکۆنەی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلی بەرپرسی لقی 22ـی حیزبەکەی لە گەرمیان کرد و رایگەیاند، "داوامان لە دامودەزگاکانى سنوورەکەیە لێکۆڵینەوەى جددى لەو کردەوە نامرۆڤانە و تیرۆریستییە بکەن و ئەنجامدەرانى بۆ پارتیمان و راى گشتى و خەڵکى کوردستان ئاشکرا بکەن".
 
رۆژی دووشەممە، 15-07-2024، ئۆتۆمبێلی ئەکرەم ساڵح، بەرپرسی لقی 22ـی پارتی لە گەرمیان لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا تەقییەوە. لەبارەی رووداوەکە، ئەکرەم ساڵح لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''کاژێر 09:30ـی بەیانی، کاتێک سواری ئۆتۆمبێلەکەم بووم بۆ ئەوەی بچمە دەوام، لەگەڵ جووڵانی، ئۆتۆمبێلەکەم تەقییەوە و گڕێکی زۆر و دەنگێکی بەهێزی لێ بەرزبووەوە.''
 
پارتی دیموکراتی کوردستان پێیوایە "ئەو جۆرە کارە تێکدەرانە کاریگەرى دەبێت بۆ سەر سەقامگیرى و ئاسایشى هەرێمى کوردستان و، بە ئامانجگرتنى هەڤاڵان و کادیرانى پارتیمان لە لایەن هەر لایەن و گرووپێکەوە بێت، قبووڵکراو نییە و رێگە نادەین تێکدەران بە مەرامەکانیان بگەن".
 
لە راگەیێندراوەکەی پارتی دا هاتووە، "لەپێناو سەقامگیرى و ئاسایشى کۆمەڵایەتیى هەرێمى کوردستان، پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان بە ئەرکى خۆیان هەڵسن و ئەنجامدەرانى کردەوە تیرۆریستییەکە بدۆزنەوە و رووبەڕووى یاسا بکرێنەوە".