بزووتنەوەی ئیسلامی و نەوەی نەوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە هەڵەبجە پێکەوە دەبن


رووداو دیجیتاڵ 

بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان و جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە پارێزگای هەڵەبجە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێکەوە دەبن. ئەندامێکی سەرکردایەتیی بزووتنەوە دەڵێت، "بۆ ئەوەیە دەنگی هیچ لایەکمان نەفەوتێت".

بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان کە عیرفان عەبدولعەزیز رابەرایەتی دەکات، لەگەڵ جووڵانەوەی نەوەی نوێ کە شاسوار عەبدولواحید سەرۆکایەتی دەکات، بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە بازنەی هەڵەبجە هاوپەیمانێتییەک پێکدەهێنن و لەژێر ناوی نەوەی نوێدا دەبێت.
 
سەلام کەریم، ئەندامی سەرکردایەتیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان کە بەربژێری ژمارەی دووی لیستەکە دەبێت، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە بازنەی هەڵەبجە رکابەرایەتییەکی سەخت لەنێوان لایەنە سیاسییەکان دەبێت، لەلایەک حیزبەکانی دەسەڵات و لەلایەکی دیکە پارتە ئیسلامییەکان رکابەرایەتی زۆریان هەیە. بۆ ئەوەی دەنگەکانی هیچ لایەنێکمان نەفەوتێت، بەباشمان زانی ئەو لێکتێگەیشتنەمان لەگەڵ نەوەی نوێ هەبێت."
 
تایبەت بە وردەکاریی ئەو هاوپەیمانێتییە، ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی بزووتنەوە گوتی،"لە هەڵەبجە شەش بەربژێرمان دەبێت. پێنجیان نەوەی نوێ دەبن و بەندەش بەربژێری ژمارە دووی لیستەکە دەبم."
 
ئەگەر لیستەکە 2 لە 3 کورسییەکەی پارێزگای هەڵەبجە بەدەستبهێنێت، بەربژێرێکی نەوەی نوێ و بەربژێرەکەی بزووتنەوەش سەردەکەون بەپێی رێککەوتنەکەیان، وەک ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی بزووتنەوە گوتی "ئەگەر یەک کورسیش بەدەستبهێنین کە مسۆگەرە، ئەوا کام بەربژێرەی لیستەکە زۆرترینی بەدەستهێنا، ئەو سەردەکەوێت."
 
20ـى تشرینى یەکەمى 2024 وەک رۆژى هەڵبژاردنى پەرلەمان دیاری کراوە.
 
بۆ سلێمانى 38 کورسی، هەولێر 34 کورسی، دهۆک 25 و هەڵەبجە 3 کورسی دیاری کراون. لەهەریەک لە هەولێر و سلێمانى 2 کورسی بۆ کۆتای کریستیان و تورکمان دانراوە؛ لە دهۆک کورسیەک بۆ کۆتاى ئەرمەن تەرخان کراوە.