هێزەکانی کۆماندۆ: پێشمەرگەیەکی خۆمان بە تۆمەتی کوشتنی مێرمنداڵەکەی راپەڕین دەستگیر کرد

رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەیی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان رایگەیاند، بە تۆمەتی کوشتنی مێرمنداڵەکەی شەوی رابردووی گەڕەکی راپەڕینی شاری سلێمانی، تۆمەتبار فەیزوڵڵا فەتحوڵڵا محێدین، پێشمەرگە لە هێزەکانی کۆماندۆیان دەستگیر کردووە.

لە روونكردنەوەیەكدا راگەیاندنی فەرماندەیی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، "دوای ئەوەی شەوی رابردوو تۆمەتبار (فەیزوڵا فەتحووڵا محێدین) پێشمەرگە لە هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان، كە تۆمەتبارە بە كوشتنی مێرمنداڵ (شا رەوەندە بابا عەلی) لە گەڕەكی ڕاپەرین، لەپێناو سەروەربوونی یاسا و لەسەر فەرمانی راستەوخۆی بەڕێز فەرماندە (دیار عومەر وەلی) فەرماندەی فەرماندەیی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان، لەڕێگەی بەشی یاسایی فەرماندەییمان تۆمەتبار رادەستی بنكەی پۆلیسی راپەرین كرا."

هەر ئەمڕۆ سێشەممە 16ی تەممووز، پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، لەسەر دۆسیەی گیانلەدەستدانی مێرمنداڵێكی تەمەن 15 ساڵان لە گەڕەكی راپەڕینی شاری سلێمانی، تۆمەتبارێكیان دەستگیرکردووە، کە کارمەندە لە فەرماندەیی هێزەکانی کۆماندۆ.

بەگوێرەی پۆلیسی سلێمانی، ئێستا تۆمەتبارەکە بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 405 لە یاسای سزادانی عێراق، راگیراوە و لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، درەنگانی شەوی رابردوو مێرمنداڵێکی 15 ساڵان لە گەڕەکی راپەڕینی سلێمانی دەستڕێژی گولـلەی لێکرا و کوژرا.