هاتووچۆی زیارەتکارانی شیعە لە سنوورەکانی میهران و خوسرەوی زیادیکردووە

رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسانی هەردوو دەروازەی سنووریی میهران و خوسرەوی کە دەکەونە پارێزگاکانی ئیلام و کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، رایانگەیاند: "هاتووچۆی زیارەتکارانی شیعە بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمەکانی شینگێڕانی ئیمام حوسێن لە عێراق زیادیکردووە."
 
مەیسەم پەرهیختە، بەڕێوەبەری دەروازەی سنووریی خوسرەوی رایگەیاند، لە سەرەتای مانگی موحەڕەمەوە تائێستا نۆ هەزار زیارەتکار لە رێگەی ئەو دەروازە سنوورییەوە هاتووچۆیان کردووە کە بەراورد بە پار دووهێندە زیادیکردووە.
 
پەرهیختە گوتی، رۆژانە لە نێوان هەزار و 500 بۆ دوو هەزار زیارەتکار لە رێگەی دەروازەی سنووریی خوسرەوییە هاتووچۆ دەکەن و بە نزیکبوونەوە لە رێوڕەسمەکانی چلەی ئیمام حوسێن (ئەربەعین)، پێشبینی دەکەین ژمارەکە زۆر زیاتر بێت.
 
بە گوتەی پەرهیختە، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تائێستا 150 هەزار لە رێگەی ئەو دەروازە سنوورییەوە هاتووچۆیان کردووە، لە کاتێکدا پار لە هەمان ماوەدا ژمارەکە 71 هەزار کەس بووە.
 
لەلایەکی دیکە، عەلیعەباس شەفیعی، قایمقامی مێهران رایگەیاند، لە سەرەتای مانگی موحەڕەمەوە تائێستا زیاتر لە 150 هەزار زیارەتکار لە رێگەی ئەو دەروازە سنوورییەوە هاتووچۆیان کردووە.
 
شەفیعی گوتی، بەراورد بە پار، هاتووچۆی زیارەتکاران لە دەروازە سنووریی میهران 20٪ زیادیکردووە.
 
روونیشیکردەوە، بۆ گەڕانەوەی زیارەتکاران پاسی پێویست دابین کراوە.
 
حکومەتی ئێران ژمارەیەک دەروازەی سنووریی تەرخان کردووە بۆ هاتووچۆی زیارەتکاران، بەشێکیان دەکەونە سەر سنووری رۆژهەڵات و باشووری کوردستان، وەک دەروازە سنوورییەکانی حاجی ئۆمەران، باشماخ، خوسرەوی و میهران.