پۆلیسی سلێمانی: لەسەر گیانلەدەستدانی مێرمنداڵێك کارمەندێکی هێزەکانی کۆماندۆ دەستگیركرا

 
رووداو دیجیتاڵ 

پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، لەسەر دۆسیەی گیانلەدەستدانی مێرمنداڵێكی تەمەن 15 ساڵان لە گەڕەكی راپەڕینی شاری سلێمانی، تۆمەتبارێك کە کارمەندە لە فەرماندەیی هێزەکانی کۆماندۆ، دەستگیركرا و رادەستی هێزەكانی پۆلیس كرا.
 
رۆژی سێشەممە، 16ـی تەممووزی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "دوای ئەوەی شەوی رابردوو لە گەڕەكی راپەڕینی شاری سلێمانی دەنگی تەقە بیسترا، دەستبەجێ‌ هێزەكانی پۆلیس گەیشتە شوێنی رووداوەكە و دەركەوت كە مێرمنداڵێكی تەمەن 15 ساڵان گیانی لەدەستداوە."
 
پۆلیس دەشڵێت، لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونی هێزەكانی پۆلیس بۆ دۆزینەوە و دەستگیركردنی تۆمەتبار بەردەوام بوو، سەرەنجام دەركەوت كە "تۆمەتبار كارمەندە لە فەرماندەیی هێزەكانی كۆماندۆ، هەر سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بەسەرپەرشتنی و فەرمانی راستەوخۆی فەرماندەی هێزەكانی كۆماندۆ، تۆمەتبار دەستگیركرا و رادەستی هێزەكانی پۆلیسی سلێمانی كرا." 
 
بەگوێرەی پۆلیس، ئێستا تۆمەتبار (ف. ف. م.) بە بڕیاری بەڕێز دادوەر و بەپێی ماددەی 405 لەیاسای سزادانی عیراق راگیراوە و لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.