فۆرمی وەرگرتنی زەوی بەسەر پەروەردەکانی هەولێر دابەشدەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

لەم هەفتەیەدا فۆرمی وەرگرتنی زەوی بەسەر مامۆستایان و فەرمانبەرانی پەروەردەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هەولێر دابەش دەکرێت.
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی هەولێر ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا فۆرمی وەرگرتنی زەوی بۆ پەروەردەکانی سەر بەو بەڕێوەبەرایەتییە بنێرێت تاوەکو بەسەر قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندندا دابەشی بکەن.
 
سەرچاوەیەک لە پەروەردەی گشتیی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، ئامادەکاری کراوە، هەوڵدەدرێت دوای تەواوکردنی فۆرمەکە بەسەر پەروەردەکان دابەشبکرێت و قوتابخانەکان بیدەن بە مامۆستایان و فەرمانبەران.
 
ئەوە لەکاتێکدایە، بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی هەولێر داوای لە مامۆستایان و فەرمانبەران کردووە بۆ وەرگرتنی فۆرم سەردانیان نەکەن، چونکە هێشتا ئامادە نەکراوە.
 
رۆژی 27-03-2024، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا بە پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوون. 
رۆژی 28ـی ئایاری 2024 ژمارە 219ـی رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوە. یەکێک لە بڕیارەکان، دابەشکردنی زەوی بوو بەسەر فەرمانبەراندا.
 
رێنماییەکە لە پێنج مادە پێکدێت، لەوانە مەرجی ئەوانەی لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن، رووبەر، شوێن و نرخی زەوییەکان.
 
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەرێک تەرخان دەکرێت 200 مەتر دووجا دەبێت. نرخی زەوییەکان بەپێی رێنماییەکە بەم شێوەیە دەبێت:
 
- نرخی یەک مەتر دووجا لەنێو پارێزگا 5 هەزار دینار دەبێت
- نرخی یەک مەتر دووجا لەنێو قەزاکان 3 هەزار دینار دەبێت 
- نرخی یەک مەتر دووجا لەنێو ناحیەکان 2 هەزار دینار دەبێت 
 
هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە ئەگەر رووبەری زەوییەکە زیاتر بوو لەوەی تەرخانکراوە، ئەوا لەلایەن لیژنەوە بە نرخی رۆژ دەخەمڵێندرێت.
 
بە گوێرەی رێنماییەکان، دابەشکردنی زەوی بەشێوەی تیروپشک دەبێت، هەروەها بەپێی سیستمی خاڵبەندی دەبێت و سێ مەرج دیاریکراون کە ئەمانەن:
 
- ساڵانی خزمەت
- ژمارەی ئەندامانی خێزان
- شوێنی لەدایکبوون