مەسرور بارزانی بۆ هاونیشتمانییانی کفری: بە رۆحێکی گەرمییانییانەوە لەگەڵتان دەبم
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی ئاراستەی هاونیشتمانییانی کفری کرد، کە سەتانیان ماوەی حەوت رۆژە مانیانگرتووە. مەسرور بارزانی دەڵێ لە داواکارییەکانتان ئاگادارم و بەدەستم گەیشتوون... بە رۆحێکی گەرمییانییانەوە لەگەڵتان دەبم".
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (یەکشەممە، 16-7-2023) لەرێگەی هەژمارەکانییەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، پەیامێکی ئاراستەی خۆپیشاندەرانی کفری کرد و رایگەیاند "لە داواکارییەکانتان ئاگادارم و بە دەستم گەیشتوون، بڕیارم داوە لیژنەیەکی تایبەت لە نوێنەرانی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان پێکبهێنرێت و بەزوویی بەدواداچوون بۆ داواکارییەکانتان بکرێت".
خۆپیشاندەرانی کفری بە گوتەی هونەر حەمید، پەیامنێری رووداو، ماوەی حەوت رۆژە بەردەوامن لە خۆپیشاندان و داوای گۆڕینی قایمقام دەکەن و دەڵێن خزمەتی شارەکەی نەکردووە، هەروەها داوای زیادکردنی خزمەتگوزارییەکان دەکەن، لەگەڵ دەستخستنی زیاتری هەلی کار.
بەشێکی دیکەی داواکارییەکانی خۆپیشاندەرانی کفری ئەوەیە: ئەو کارگەیەی ئاسن کە لە کفری دەکرێتەوە، هەموو کارمەندەکانی خەڵکی کفری بن، کۆلێژی تەکنیکی کەلار کە بڕیاری کردنەوەی دراوە، لە کفری بێت هەروەها چەند بەڕێوەبەرایەتییەکی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بهێنرێنە شارەکەی ئەوانەوە.
مەسرور بارزانی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا هەروەها دەڵێ، "دڵنیابن ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆ خزمەتتان درێخی ناکەین و بە رۆحیەتێکی گەرمیانییانەوە لەگەڵتان دەبم".
بەگشتی ئەمڕۆ حەوت رۆژە سەتان هاونیشتمانیی کفری لەنێو مەیدانی ئازادیی شارەکە مانگرتنیان راگەیاندووە، خۆپیشاندەرانی مانگرتوو لە گەنج و پیر پێکدێن، خێوەتیان هەڵداوە و 24 کاژێر دەمێننەوە، دەشڵێن تاوەکو داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێن، هەر بەردەوام دەبن.