دوو رۆژە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردوومانی دەڤەری برادۆست دەکەن

 
رووداو - دەڤەری برادۆست

ماوەی دوو رۆژە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردوومانی دەڤەری برادۆست دەکەن؛ ئێوارەی دوێنێ چیاکانی (شەکیو و بیرکمە) و ئەمڕۆش چیای کونەکۆتر و بن قەڵات بۆردوومان کران.
 
ئیحسان چەلەبی، قایمقامی سیدەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە بۆردوومانەکاندا مێرمنداڵێک بەناوی (رامین فرسەت حەمەدەمین) کە ماڵیان لەو ناوچەیە نزیکە و بۆ مەبەستی ئاژەڵداری لەو سنوورە نیشتەجێن، بە سووکی بریندار بووە.
 
قایمقامی سیدەکان گوتیشی، بەردەوام فڕۆکەی چاودێری بەسەر ئاسمانی سنوورەکەدا دەسوڕێتەوە و ناوەناوە بەرزاییەکانی سنووری سیدەکان بۆردوومان دەکات.
 
ئەو شوێنانەی ئەمڕۆ و دوێنێ بۆردوومان کراون نزیکن لەو شوێنانەی کە دەیان ماڵی هاونیشتمانییانیان تێدان، کە لەم وەرزەدا بۆ کاری ئاژەڵداری و کشتوکاڵکردن لەو ناوچە سنوورییانە نیشتەجێن.