لە گردبوونەوەی جووتیاراندا لە رووها 20 کەس دەستبەسەر کران

 
رووداو دیجیتاڵ

لە گردبوونەوەی جووتیارانی شارۆچکەی وێرانشاری سەر بە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان 20 کەس دەستبەسەر کران و دەستیش بەسەر ژمارەیەک تراکتۆری جووتیاراندا گیرا.
 
رۆژی شەممە 15ی تەممووزی 2023 ژمارەیەک لە جووتیارانی شارۆچکەی وێرانشار، کە زیاتر لە یەک هەفتەیە بەهۆی بڕینی کارەباوە بێ ئاون و ناتوانن زەوییەکانیان ئاو بدەن، چوونە سەر شەقام و رێگەی سەرەکی رووها - مێردینیان داخست.
 
گردبوونەوەکە گرژیی تێکەوت؛ رووبەڕووبوونەوە لەنێوان جووتیاران و هێزە ئەمنییەکان دروستبوو و 20 کەس دەستبەسەر کران. ژمارەیەک ئۆتۆمبێل و تراکتۆر زیانیان بەرکەوت و هێزە ئەمنیییەکان دەستیان بەسەر ژمارەیەک تراکتۆری جووتیاراندا گرت.
 
کۆمپانیای دیجلە بۆ دابەشکردنی کارەبا، ناسراو بە دەداش، بە پاساوی نەدانی پارەی کارەبا و بە قاچاخ بەکارهێنانی کارەبا زیاتر لە یەک هەفتەیە کارەبای جووتیارانی چەند گوندێکی بڕیوە، بەڵام جووتیاران ئەوە رەتدەکەنەوە.
 
کێشەکە تەنیا لە رووها نییە؛ لە مێردین، ئامەد و شرنەخ و چەند پارێزگایەکی دیکە بڕینی کارەبا تەنگی بە جووتیاران هەڵچنیوە.