بەهۆی کەمیی کۆگاوە لە سلێمانی بەشە خۆراکی مانگانە چەندین رۆژ لەژێر تیشکی خۆر دەمێنێتەوە

18-07-2023
نزار جەزا
کۆگایەکی هەڵگرتنی خواردن لە سلێمانی. وێنە: رووداو
کۆگایەکی هەڵگرتنی خواردن لە سلێمانی. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - سلێمانی

بەهۆی کەمیی کۆگاوە نزیکی نۆ رۆژ بەشە خۆراکی مانگانەی هاونیشتمانییان لە سلێمانی لەژێر تیشکی خۆر و گەرمای تاقەتپڕووکێندا مایەوە و شۆفێرانی بارهەڵگرەکان چاوەڕێ بوون تاوەکو بارەکانیان دابگرن، کە دۆشاوی تەماتەیە.
 
شۆفێرەکان هەر جارێک بەشە خۆراکی مانگانەی هاونیشتمانییان بهێنن، لە سێ رۆژەوە تاوەکو زیاتر لە 10 رۆژ دەبێت چاوەڕێ بکەن و ئەگەری تێکچوونی خۆراکەکانیش لەو ماوەیەدا و بەتایبەتی لە وەرزی هاویندا هەیە.
 
کاوە غازی، شۆفێر دەڵێت، "بارودۆخمان زۆر خراپە، تەنانەت ئەو دۆشاوی تەماتەیەش کە پێمانە، ئەویش خراپ بووە؛ چونکە ئەمە خۆی لە نێو ساردکەرەوەدا هەڵگیراوە تاوەکو گەیشتووە بە دەستی ئێمە، بەڵام 9 رۆژ زیاترە لەنێو ئەم بارهەڵگرەی ئێمەدا لەم پلە گەرمییە بەرزەدا هەڵگیراوە."
 
ئەم گرفتە چەندین ساڵە دووبارە دەبێتەوە، بەهۆی ئەوەی لە سلێمانی تەنیا هەشت کۆگای هەڵگرتنی بەشە خۆراکی مانگانەی هاونیشتمانییان هەیە، لە کاتێکدا شارەکە پێویستی بە 20 دانەیە.
 
رۆژانە دۆشاوی تەماتە لەنێو کۆگاکە بار دەکرێت، بۆئەوەی جێگە بۆ نوێیەکان بکەنەوە، بەڵام نوێیەکان هێندە لەژێر پلەی گەرمای بەرز ماونەتەوە، بە گوتەی پسپۆڕێکی خۆراکی، خراپ بوون.
 
هیوا ساڵح، نوێنەری تەندروستی لە لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی دەڵێت، "بێگومان ئەو دۆشاوی تەماتەیە بەو جۆرە خراپ دەبێت، چونکە دەبێت لە پلەی گەرمیی خوار 25 پلەی سیلیزیدا هەڵبگیرێت، ئەمەش کارەساتە و بەدواداچوونی بۆ دەکەین."
 
بەپێی رێنوێنییەکانی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، پێویستە هەر کۆگایەک یەک جۆر خۆراکی تێدا هەڵبگیرێت و تاوەکو خۆراکی کۆن لە کۆگاکان نەڕواتە دەرەوە خۆراکی نوێی تێنەکرێت؛ ئەمەش وایکردووە نەتوانرێت هەموو خۆراکەکان لە ئۆتۆمبێلەکان دابگیرێن.
 
نەورۆز حەمەعەلی، بەڕێوەبەری کۆگاکانی هەڵگرتنی بەشە خۆراکی مانگانەی هاونیشتمانییان لە سلێمانی رایگەیاند، "داوامان لە حکومەتی عێراق کردووە، کۆگامان بۆ دروستبکەن، یان بۆمان بە کرێ بگرن، بەڵام حکومەتی عێراق پارەی بەشە خۆراکی مانگانەی هاونیشتمانییان وەردەگرێت و کۆگاش دروستناکات. ئەم دۆشاوی تەماتەیەش دوو مانگ بەڕێگەوەیە تاوەکو لە چینەوە دەگاتە ئێرە، بۆیە بەم چوار رۆژەی ئێرە خراپ نابێت، ئەگەر خراپیش ببێت دەسەڵاتمان نییە، چونکە لەبەر دەرگا فڕێی نادەین، ناچارین لە بارهەڵگرەکان بیانهێڵینەوە، تاوەکو جێگەیان بۆ بەتاڵ دەکەین."
 
مانگانە نزیکەی 16700 تۆن بەشە خۆراکی مانگانەی وەکو برنج، رۆنی شل، شەکر، دۆشاو و پاقلەمەنییەکان دێنە نێو کۆگاکانی سلێمانییەوە، کە پێویستیان بە کۆگای زیاترە بۆ هەڵگرتنیان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گفتوگۆی هیوا جەمال و ئەمجەد محەممەد

سبەی یەکگرتوو کۆنگرە دەبەستێت؛ بۆچی سەڵاحەدین بەهائەدین دەکەنەوە ئەمیندار؟

سەبارەت بە هەڵبژاردنەوەی سەڵاحەدین بەهائەدین بۆ ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو، ئەمجەد محەممەد، ئەندامی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرە دەڵێت، "ئەوە کۆتایی هاتووە" کە جارێکی دیکە دەیکەنەوە ئەمیندار. گوتیشی: "لە کۆنفرانسەکاندا کۆتایی بەوە {هەڵبژاردنەوەی ئەمیندار} هاتووە".