لەگەڵ رەنج؛ جووتیاران گلەیی لە ساخنەبوونەوەی بەروبوومەکانیان دەکەن

رووداو دیجیتاڵ 

بەرهەمی خۆماڵی لە هەرێمی کوردستان پێگەیشتووە و جارێکی دیکە تای ساخکردنەوەیان لە جووتیاران نیشتووە. وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پلانی ستراتیژییان بۆ ساخکردنەوە و هەناردەکردنی بەرهەمی جووتیاران هەیە. جووتیارێکیش باس لەوە دەکات، کیلۆیەک پەتاتە بە 300 دینار لەسەریان کەوتووە و لە بازاڕ نرخی 220 دینارە و هێشتاش کڕیاری نییە.
 
رۆژی یەکشەممە، 16ـی تەممووزی 2023 بەرنامەی لەگەڵ رەنج بە میوانداریی رزگار حەمەد، راوێژكار لە وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی ‏كوردستان؛ ‏د. سیروان ئەحمەد، مامۆستا لە كۆلێژی كشتوكاڵ لە بەشی زانستی ‏خۆراك ‏‏لە زانكۆی سلێمانی؛ ‏بەهجەت ئەسعەد، جووتیار؛ ‏عەتا محەممەد، نوێنەری بازرگانان لە عەلوەی ‏سلێمانی؛ ‏ئەنوەر فەتاح، بەرپرسی ساردكەرەوەكان لە عەلوەی ‏سلێمانی ‏‏‏و ‏تەها حاجی رەحیم، سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی ‏جووتیارانی ‏‏كوردستان، ‏ساخکردنەوەی بەروبوومی جووتیاران و پلانی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ پاڵپشتی جووتیارانیان تاوتوێکرد.
 
"ئەمساڵ جووتیاران دوو ملیۆن تۆن بەرهەمیان دەبێت"
 
ساڵانە لە 1ـی حوزەیرانەوە پێگەیشتنی بەروبوومی خۆماڵی لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات و سەرەتای تشرینی دووەم کۆتاییدێت. لەماوەی ئەو پێنج مانگەدا جووتیارانی هەرێمی کوردستان نزیکەی 40 جۆر بەروبووم دەخەنە بازاڕەوە کە سەرەکیترینیان تەماتە، پەتاتە، پیاز، شووتی و کاڵەکە.
 
رزگار حەمەد، راوێژكار لە وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی ‏كوردستان دەڵێت، "ساڵانە لە هەرێمی کوردستاندا یەک ملیۆن تۆن سەوزە و میوە بەرهەم دەهێندرێت، بەڵام ئەمساڵ پێشبینیدەکەین سەوزە بگاتە یەک ملیۆن و 500 هەزار تۆن و 500 هەزار تۆن میوەش بەرهەم بهێندرێت".
 
راوێژکارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ دەشڵێت، "جووتیارانی هەرێمی کوردستان ئەمساڵ زیاتر لە دوو ملیۆن تۆن سەوزە و میوە بەرهەمدەهێنن کە ئەوەش لە پێداویستیی نێوخۆی هەرێمی کوردستان زیاترە و بەشێکی رەوانەی بازاڕەکانی خواروو و نێوەڕاستی عێراق دەکرێت".
 
بەروبوومی کشتوکاڵی لە عێراقەوە دەهێنرێت
 
جووتیارانی هەرێمی کوردستان بەدەست ساخنەکردنەوەی بەرهەمەکانیانەوە دەناڵێنن و حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک پاڵپشتییەک بۆ ساخکردنەوەیان، باجی سەر سەوزە و میوەی زیاد کردووە، بەڵام هێشتا لە باشوور و نێوەڕاستی عێراقەوە سەوزە و میوە هاوردە دەکرێت.
 
رزگار حەمەد، راوێژكار لە وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی ‏كوردستان دەڵێت، "لەکاتی پێگەیشتنی بەروبوومی خۆماڵییدا بۆ بەبازاڕکردن و نەهێشتنی رکابەر بۆ بەرهەمی ناوخۆیی، خستەی باج دادەنێین، بەڵام لە خواروو و نێوەڕاستی عێراقەوە بەروبووم هەر دێنە هەرێمی کوردستان".
 
رزگار حەمەد بۆ چارەسەرکردنی گرفتی ساخکردنەوەی بەروبوومی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە بازاڕەکانی عێراق رایگەیاند، "مانگی پێنج وەزیری کشتوکاڵ سەردانی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقی کرد و بە راشکاوی گفتوگۆیان لەبارەی بابەتەکانی داخستنی بازگە و قەدەخەکردنی بەروبوومی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە عێراق کرد و ئێستا ئەو گرفتە چارەسەرکراوە. چەند رۆژی رابردوو شاندێکمان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهێنا بۆ ئەوەی گرفتی یەکدەستکردنی رۆژنامەی کشتوکاڵی لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق چارەسەر بکات".
 
بە گوتەی رزگار حەمەد، "وەزیری کشتوکاڵی عێراق لەوە تێگەیشتووە کە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا گرفتێکی گەورەی بۆ حکومەتی عێراق دروستکردووە و هەرێمی کوردستان لە پارێزبەندی ئەم گۆڕانکارییەیە. ئەمساڵ زۆرترین بەرهەمی سەوزە و میوە و گەنممان هەبووە و عێراق بازاڕێکی گەورەیە بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمەکانمان".
 
سەرباری دەرچوونی رێنمایی لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، ئێستاش لە هەندێک لە بازگەکانی عێراق رێگە نادەن بەشێک لە بەروبوومی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەربچێت. راوێژكارەکەی وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی ‏كوردستان دەڵێت، "کێشەی عێراق ئەوەیە لە حکومەت بڕیارێک دەردەچێت، بەڵام کاتێک شۆڕدەبێتەوە نێو دامودەزگاکان، وەکو خۆی جێبەجێی ناکەن".
 
"پێویستە خولی فێرکاری بۆ جووتیاران بکرێتەوە"
 
‏د. سیروان ئەحمەد، مامۆستا لە كۆلێژی كشتوكاڵ لەبەشی زانستی ‏خۆراك ‏‏لە زانكۆی سلێمانی پێیوایە کە "پاڵپشتی و هاوکاریکردنی جووتیار تەنیا ئەرکی وەزارەتی کشتوکاڵ نییە، بەڵکو ئەوە هەڵمەتێکی نیشتمانییە کە دەبێ هەموو چین و توێژەکان و لە سەرووی هەمووانەوە هاووڵاتییان پاڵپشتیان بن. بۆ نموونە، بازرگانان دەتوانن کارگەی وشککردنی میوە، کارگەی دروستکردنی شەربەت و... دابمەزرێنن و بەرهەمی جووتیاران وەربگرن، کە ئەوە دەبێتە پاڵپشتییەکی باش بۆیان".
 
د. سیروان ئەحمەد دەڵێت، "پێویستە وەزارەتی کشتوکاڵ و ناوەندە ئاکادیمییەکان لە شارەکان ناوەندی فێرکاری بۆ جووتیاران بکەنەوە و راوێژیان پێبدەن بۆ ئەوەی بتوانن کوالێتیی بەرهەمەکانیان بەرز بکەنەوە. ئێستا لە هەرێمی کوردستان بەشێک لە زەوییە کشتوکاڵییەکان بەهۆی خراپ بەکارهێنانی مادە قڕکەرەکان مردوون؛ پێویستە جووتیاران لەوەدا راوێژیان پێ بدرێت".
 
ئەو مامۆستای زانکۆیە باس لەوە دەکات کە کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان پێویستی بە شێوازی نوێ و ئۆرگانییەکانی کشتوکاڵە و دەڵێت، "پێویستە بە کەمترین خاک و بەکارهێنانی کەمترین ئاو، باشترین و زیاترین بەرهەمی کشتوکاڵیمان هەبێت. ئێستا لە وڵاتانی پێشکەوتوو ئەو خانووە کشتوکاڵییانە هەن و دەبێ ئێمەش روو لەو شێوازە نوێیە بکەین، لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستانیش بێبەش نابێت لە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمئاوی".
 
" پەتاتە 500 هەزار تۆنە و مایەی خۆی دەرناهێنێتەوە"
 
‏بەهجەت ئەسعەد جووتیارە و ئەمساڵ پەتاتەی بەرهەمهێناوە و دەڵێت،"بۆ هەر تۆنێک بنەتۆوی پەتاتە هەزار و 800 دۆلارم پارە داوە و ئێستا دوو شێوە پەتاتەی نێوزەرد و نێوسپیم هەیە، ئەگەر هەر کیلۆیەک پەتاتە بە 300 دینار کەمتر بفرۆشم زەرەری لێ دەکەم، کەچی لە بازاڕ کیلۆی پەتاتە لە نێوان 230 بۆ 275 دینارە".
 
بە گوتەی ئەو جووتیارە، لە بازگەکانی خواروو و نێوەڕاستی عێراق رێگە لە بەرهەمەکانیان دەگرن و ناهێڵن لەوێ ساخی بکەنەوە، لەبەر ئەوەی پەتاتەی خۆیان پێگەیشتووە و وەکو ئاماژەشی پێدەدات، "ئەگەر لە مانگی شەش پەتاتەکەم بچنمەوە، رەنگە بەهۆی رووداوێکی کەشوهەوا سەرما یان بارانبارینێک تووشی زیان بم. هەندێک جووتیار تەنیا لەبەر ئەوەی بتوانن بەرهەمەکەیان ساخبکەنەوە، ئەو کارە دەکەن و زۆرجار پەتاتەکەیان تێکدەچێت".
 
بەهجەت ئەسعەد دەڵێت، ئەمساڵ لە نێوان 400 بۆ 500 تۆن پەتاتە لە هەرێمی کوردستان بەرهەمهاتووە، بەڵام پلانێک نییە بۆ هەناردەکردن و "ساردخانەیەکی ئەوتۆش نییە بۆ ئەوەی لانیکەم بتوانین بە ماوەیەکی زیاتر پەتاتەکەمان ساخ بکەینەوە و ناچار نەبین بە هەموو نرخێک بیفرۆشین".
 
هەناردەکردنی پەتاتەی هەرێمی کوردستان بۆ ئیمارات
 
‏عەتا محەممەد، نوێنەری بازرگانان لە عەلوەی ‏سلێمانی گوتی، "ئێمە لە عەلوەی سلێمانی لەهەوڵداین پەتاتە هەناردەی ئیمارات بکەین و هێشتا حکومەت بەو هەوڵەی ئێمەی نەزانیوە، بەڵام ترسی رێگەمان هەیە لەبەر ئەوەی دەبێ بیبەینە سنووری بووشەهری ئێران. پێشتر وێنەی پەتاتەی جووتیارانی هەرێمی کوردستانمان بۆ بازرگانانی ئیمارات ناردووە و خواستیان لەسەری هەیە".
 
ئەو بازرگانە باس لەوە دەکات کە "نووسینگەی سەرۆکوەزیران بانگهێشتی کردین و پێیانگوتین پاڵپشتی هەناردەکردنی هەنار و ترێتان بۆ دەکەین و بەرنامەکە لە جێبەجێکردندایە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا کار لەسەر هەناردەکردنی پەتاتەش دەکەین بۆ ئیمارات".
 
نرخی ساردخانەکان گران بووە
 
‏لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 400 ساردخانە هەن کە توانای هەڵگرتنی 80 هەزار تۆن بەروبوومی کشتوکاڵی، گۆشت و بەروبوومی ئاژەڵییان هەیە. لە ساردخانەکاندا پێشتر بۆ هەڵگرتنی هەر تۆنێک بەرهەمی جووتیاران، لە نێوان 8 بۆ 10 هەزار دینار وەردەگیرا، بەڵام ئەنوەر فەتاح دەڵێت،"بەهۆی گرانبوونی کارەباوە نرخی مانگانەی یەک مەتری چوارگۆشەی ساردخانە بووەتە 20 دۆلار".
 
ئەنوەر فەتاح، بەرپرسی ساردخانەکان لە عەلوەی ‏سلێمانی رایگەیاند، "لە عەلوەی سلێمانی دوو هەزار و 600 مەتری چوارگۆشە ساردکەرەوەی سەوزە و میوەمان هەیە کە لە بەروبوومی خۆماڵی تەنیا پەتاتە و هەناری تێدایە و ئەوی دیکەی هەموو بەرهەمی هاوردەن".
 
بەرپرسی ساردخانەکان لە عەلوەی ‏سلێمانی پێیوایە کە "جووتیاران زۆر بە کەمی بیر لەوە دەکەنەوە بەرهەمەکانیان بخەنە نێو ساردخانە و رۆژانە ئەوپەڕی پیکابێک دەهنرێت، بەڵام یەک بازرگان بە یەک جار 24 پالێتی 800 کیلۆیی بەرهەمی هاوردە دەخاتە ساردخانەوە".
 
هاوکات، سەرۆكی لقی سلێمانیی یەكێتیی ‏جووتیارانی ‏‏كوردستان گوتی، "هیچ بەرهەمێکی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بەرگەی ساردخانە ناگرێت جگە لە هەنار و پەتاتە؛ بۆیە لەبری ئەوە پێویستە حکومەت لە ناوچە کشتوکاڵییەکان کارگەی گەورەی دروستکردنی شەربەت دابنێت بۆ ئەوەی میوە لە جووتیاران وەربگرن".
 
"مەترسی چۆڵبوونی گوندەکان زیاتربووە"
 
‏تەها حاجی رەحیم، سەرۆكی لقی سلێمانیی یەكێتیی ‏جووتیارانی ‏‏كوردستان پێیوایە بەهۆی ساخنەبوونەوەی بەروبوومییان، جووتیاران بە لێشاو گوندەکانیان جێدەهێڵن و روو لە شارەکان دەکەن و دەڵێت، "وەزارەتی کشتوکاڵ باس لە پلانەکانی دەکات بۆ ئەم کەرتە، بەڵام جووتیاران دێنە لای ئێمە و دەپرسن: ئەم پلانانە بۆ کەیە؟ 30 ساڵە حوکمڕانیمان هەیە و هەنگاوێک بۆ گەشەکردن و بەپیشەسازیکردنی کەرتی کشتوکاڵ نەنراوە".
 
تەها حاجی رەحیم دەشڵێت، "کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان لە مەترسیدایە، لەبەرئەوەی کۆچێکی بەلێشاو لە گوندەکانەوە بەرەو شار دەستیپێکردووە و خەریکە گوندەکانمان بەرەو چۆلبوون دەڕۆن و هۆکاری هەرە سەرەکیش ئەوەیە کە بەروبوومەکانیان نرخیان نییە و کەس ئاوڕیان لێناداتەوە".
 
بە گوتەی سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی ‏جووتیارانی ‏‏كوردستان، "بەرنامەیەکی حکومەت نییە بۆ ئەوەی بەرهەمی دەرەکی هاوردە نەکرێت تا ئەوکاتەی بەرهەمی جووتیاران ساخ دەبێتەوە؛ هاوکات ساردخانە نییە و کارگەیەکی ئەوتۆ نییە بۆ ئەوەی جووتیار بتوانن میوەکانیان رادەست بکەن؛ بۆیە ئەوە مەترسی لەسەر زیاتر چۆڵبوونی گوندەکان و پەککەوتنی کەرتی کشتوکاڵ دروستدەکات".
 
.