سایلۆی سلێمانی: بەشێک لە جووتیاران گەنمەکانیان بردووەتە سایلۆکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان

16-07-2023
نزار جەزا
سایلۆی هەولێر. وێنە: رووداو
سایلۆی هەولێر. وێنە: رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وەرگرتنی گەنم لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان کۆتاییهات، بەڵام ژمارەیەکی زۆری جووتیاران گەنمەکەیان ماوەتەوە.
 
مام سەلام بەرهەمەکەی نزیکەی 50 تۆنە، پشتگیری نەکراوە تاوەکو سایلۆ گەنمەکەی لێ وەربگرێت، بۆیە ئێستا یان دەبێت لە بازاڕ بیفرۆشێت یان چاوەڕێی ئەو دوو کۆمپانیایە بکات لێی بکڕنەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵیاندا رێککەوتووە، بەڵام لە هەردووباردا نرخی گەنمەکەی ناگاتەوە نرخی سایلۆکان. 
 
سەلام کەریم دەڵێت: ئەگەر لێمان وەرنەگرن دەسەڵاتمان نییە نازانین چی لێبکەین، ئێستاش وادەڵێن دوو کۆمپانیا هەیە کە لێمان وەردەگرن، بەڵام ئەگەر لە بازاڕدا بیفرۆشین تێچووی بەرهەمهێنانی گەنمەکەم بۆ ناهێنێتەوە.
 
بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانی ئاشکرای دەکات کە بەشێک لە جووتیاران گەنمەکانیان بردووەتە سایلۆکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان.
 
کامەران وریا، بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانی بە رووداوی گوت: جووتیارانی کورد بڕێکی زۆری گەنمیان بردووە بۆ سایلۆکانی دووز، دیالە، کەرکووک، ئەنبار، مەخموور و موسڵ کە بە هەمان نرخی حکومەتى عێراق فرۆشتوویانە.
 
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتى هەرێمی کوردستان رێککەوتنی لەگەڵ دوو کۆمپانیای ناوخۆیی کردووە، بۆئەوەی گەنمی جووتیاران بکڕنەوە، بەڵام تا ئێستا بڕ و نرخەکە دیارینەکراوە.
 
جووتیار خالید، جێگری بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی گوتی: هەر کاتێک لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوەوە ئاگادارکراینەوە کە کۆمپانیاکان بە چ رێنوێنییەک گەنم وەردەگرن، ئەوکاتە جووتیاران ئاگاداردەکەینەوە. 
 
بازرگانان لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان هەر تۆنێک گەنم بە 475 هەزار دینار بۆ 500 هەزار دینار دەکڕنەوە کە ئەوەش نیوەی نرخی سایلۆکانە، بۆیە جووتیاران داواکارن حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکاربێت لەوەی گەنمەکانیان بەنرخی پاڵپشتیکراو لێ وەربگرێت. 
 
کامیل ساڵح، بازرگانێکە و دەڵێت: ئەگەر حکومەت لەکاتی خۆیدا گەنمی جووتیاران وەرنەگرێت، لە بازاڕدا زۆر نافرۆشرێت، چونکە خواستی زۆر لەسەر نییە، لەو کاتەشدا نرخەکەی دادەبەزێت؛ بۆ نموونە ئەگەر پێشتر تۆنێک گەنم بە 600 هەزار دینار بێت، ئێستا 475 هەزار دینار بۆ 500 هەزار دینار دەکات، هەمووشی بۆ عەلەف بەکاردێت.
 
ژمارەی جیاواز لەسەر بەرهەمی گەنمی هەرێمی کوردستان دەدرێت، ئەوەی روونە 500 هەزار تۆنی لەلایەن بەغداوە وەرگیراوە. دوو کۆمپانیاکە 200 هەزار تۆن وەردەگرن و نزیکەی 500 هەزار تۆن دەمێنێت کە دەبێت لە بازاڕدا ساخ بکرێتەوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سەڵاحەدین بەهائەدین، وێنە؛ ئەرشیڤ

بۆ مانەوەی سەڵاحەدین بەهائەدین لە پۆستەکەی، یەکگرتوو پەیڕەوی نێوخۆی هەموار دەکاتەوە

ئەندامێکی کۆنگرەی 9ـی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەڵێت لەم کۆنگرەیەدا هیچ کەسێک خۆی بۆ پۆستی ئەمینداری گشتی بەربژێر ناکات و هەمووان کۆدەنگن لەبارەی مانەوەی سەڵاحەدین بەهائەدین لە پۆستەکەیدا.