لە سۆران نەخۆشخانە گشتییەکان رووبەڕووی کەمیی دەرمان بوونەتەوە

18-07-2023
ئەندام جەبار
دەرمانخانەیەک لە سۆران. وێنە: رووداو
دەرمانخانەیەک لە سۆران. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - سۆران

لە نەخۆشخانەکانی سۆران گرفتی کەمیی دەرمان دروستبووە. یەکێک لەو نەخۆشخانانە، نەخۆشخانەی ئاشتییە کە نەخۆش و سەردانکەری زۆرن، بەڵام دەرمانی کەمە. بەشێک لە نەخۆشەکان چەند دەرمانێکیان پێدەدرێت و هەندێکیشیان بەبێ وەرگرتنی دەرمان دەگەڕێنەوە.
 
رێبوار جادر، نەخۆش دەڵێت، "دوو دەرمانیان بۆ نووسیبوم، یەکێکیان هەبوو و ئەوی دیکەیان نەبوو. دەبێت لە دەرەوە بیکڕم، دەرمانەکانم هی ئیلتیهابات بوون، ئەگەر دەرمانی نەخۆشییەکی گەورەبا، هەر نەدەبوو."
 
هەدیە عەبدولڕەحمان، نەخۆش ئاماژەی بەوە کرد، "سێ دەرمانم بۆ نووسرابوون، بەڵام هیچیانی لێ نەبوون و گوتیان، لە دەرەوە بیکڕە."
 
ماوەی مانگێکە کێشەی کەمیی دەرمان لە سنووری سۆران دروستبووە. بەگوێرەی یاسای تەندروستیی عێراق، دەبێت نەخۆشخانە گشتییەکان 71 جۆری دەرمانیان تێدابێت، بەڵام لە هەندێک نەخۆشخانەی سۆران کەمتر لە 10 جۆری دەرمان هەن.
 
هەر دەرمان نا، هەندێک پشکنینیش هەن کە دەبێت نەخۆش لە دەرەوەی نەخۆشخانە بیانکات. ئامینە خدر، هاوەڵی نەخۆش دەڵێت، "گوتیان دەبێت لە دەرەوە پشکنین بۆ نەخۆشەکەت بکەیت، هەندێک دەرمانیشیان بۆ نووسین، دوو دەست دەرمانیان پێداین و ئەوی دیکە گوتیان لە دەرەوە بیکڕە."
 
رووداو گرفتی کەمیی دەرمان و نەبوونی هەندێک پشکنین و ئەو کەموکورتیانەی باس دەکرێن دەبەمە بەریوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سۆران.
 
دکتۆر کامەران مەلا محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سۆران دەڵێت، "ناتوانین بڵێین نەبوونی دەرمان؛ دەڵێین، کەمیی دەرمان، ماوەی هەشت مانگە ئێمە دەستبەکاربووینە، لەو ماوەیەدا ئێمە هیچ بودجەیەکی کڕینی دەرمانمان نەبووە، لە مانگی رابردوودا رەزامەندی کڕینی دەرمانمان پێدراوە، ئێستا خەریکی تەندەراتی کڕینی دەرمانین و لە هەفتەی داهاتوو گرێبەستەکان بکەین، ئەو کێشەیە تاڕادەیەکی زۆر چارەسەر دەبێت، دڵنیاتان دەکەینەوە لە ماوەی شەش مانگی داهاتوو هەموو شتەکان بە چاوی خۆیان دەبینن کە گۆڕانکاریی گەورە روودەدەن لە کەرتی تەندروستیی سۆران."
 
لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سۆران حەوت نەخۆشخانەی گشتی و 100 بنکەی تەندروستی هەن؛ خەرجیی مانگانەیان نزیکەی دوو ملیار دینارە و داهاتیان تەنها 150 ملیۆن دینارە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو شوێنەی منداڵەکەی تێدا خنکا

منداڵێکی 7 ساڵان لە پڕۆژەی ئاوی خەبات خنکا

بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ منداڵێکی 7 ساڵان لەنێو پڕۆژەی ئاوی خەبات خنکا و تەرمەکەی دەرهێندرا.