یەکێتیی پیاوانی کوردستان: تووندوتیژی بەرامبەر پیاوان زیادیکردووە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی یەکێتیی پیاوانی کوردستان دەڵێت، لە شەش مانگی سەرەتای 2023 بەراورد بە شەش مانگی سەرەتای 2022، تووندوتیژی بەرامبەر بە پیاوان زیادیکردووە؛ هۆکارەکانیش دەگەڕێنێتەوە بۆ زیادبوونی کێشە کۆمەڵایەتییەکان، بەکارهێنانی چەک، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و چەندین بابەتی دیکە.
 
بورھان عەلی، سەرۆکی یەکێتیی پیاوانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە شەش مانگی یەکەمی 2023ـدا 336 دۆسیەی تووندوتیژی دژی پیاوان تۆمارکراون،" لەو ژمارەیە 39 کەس خۆیان کوشتووە و پێنج پیاوی دیکەش بەهۆی تووندوتیژیی خێزانییەوە بە دەستی کەسانی دیکە کوژراون.
 
بە گوتەی بورهان عەلی، ئەم داتایانەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ لەکاتێکدان، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی رابردوو، 321 تووندوتیژی بەرامبەر پیاوان تۆمارکرابوون، لەو ژمارەیەش 29 کەس خۆیان کوشتبوو و سێ کەسیش بە هاوکاریی کەسانی دیکە کوژرابوون. دەشڵێت، "بە گوێرەی ئامارەکان بێت، شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ بەراورد بە شەش مانگی یەکەمی 2022 ژمارەی تووندوتیژی بەرامبەر پیاوان زیادیکردووە."
 
بورهان عەلی، لەبارەی هۆکارەکانی زیادبوونی تووندوتیژی بەرامبەر پیاوان گوتی، "سۆشیاڵ میدیا هۆکارێکی سەرەکییە. بڵاوبوونەوە و زیادبوونی بەکارهێنانی چەک هۆکارێکی دیکەیە کە زۆرجار لەلایەن کەسوکاری ژنانەوە چەک بەرامبەر بە پیاوان بەکاردەهێنرێت. هەروەها نەریتی کۆمەڵگە گۆڕدراوە و تاک بڕیار دەدات، واتا هەرکام لە هاوژینەکان خۆیان بڕیار دەدەن بەبێ گوێدان بەوەی شتێک هەیە بە ناوی خێزان و منداڵ."
 
سەرۆکی یەکێتیی پیاوانی کوردستان گوتیشی، "باری دارایی و زیادبوونی خیانەت یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکانی زیادبوونی کێشە خێزانییەکان و تووندوتیژیی، ئێستا خێزان بەرەو لاوازی دەڕوات".