هەفتانە لە فڕۆکەخانەی هەولێر 60 گەشت بۆ تورکیا دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تەنیا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە هەفتانە 60 گەشت بۆ تورکیا ئەنجام دەدرێت و جێگری یەکێتییەکەش دەڵێت، بژارەی یەکەمی گەشتکردن لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ تورکیایە و 80٪ی گەشتیار، تورکیا بۆ گەشتکرن هەڵدەبژێرن.
شوان ئەنوەر، جێگری سەرۆکی یەکێتیی فڕۆکەوانی و گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "کولتووریان لە ئێمە نزیکە و ژینگەکەیان جوانە، خواردنگە و هۆتێلیان هەرزانترە و وڵاتێکی نزیکە لێمانەوە. رۆژانە 3 بۆ 4 فڕۆکە هەیە بۆ شارەکانی ئیستەنبووڵ و ئەنتاڵیا و ترابزۆن، هەموو ئەمانە کارئاسانیی زیاتری کردووە بۆ خەڵکی ئێمە کە دەچێتە تورکیا."
بەپێی ئامارەکان هەفتانە نزیکەی 9 هەزار گەشتیار، دەچنە شارەکانی ئیستەنبووڵ و ئەنتاڵیا و ترابزۆن. بەپێی خەمڵاندنەکان، تێکڕا هەر گەشتیارێک 1000 دۆلار لە گەشتەکەیاندا خەرج دەکەن، ئەمە جگە لە پارەی فڕۆکە و هۆتێل، بەڕێوەبەری کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانی دەڵێت، پێشبینی دەکەن زۆریی ژمارەی گەشتیار تاوەکو مانگی 9 بەردەوامبێت.
ئاسۆ حوسێن، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای لەندەن سکای بۆ گەشتوگوزار دەڵێت، "پاسپۆرتی وڵاتی ئێمە پاسپۆرتێکی لاوازە و بژاردەمان زۆر لەبەردەست نییە، هەر بۆیە ئاسانترین وڵات کە بتوانیت گەشتی بۆ بکەیت و ڤیزای بۆ وەربگریت، وڵاتی تورکیایە."
جگە لە فڕۆکە، بەشێکی ئەوانەی گەشت دەکەن، پاس هەڵدەبژێرن، تێکڕا رۆژانە نزیکەی 400 کەس لە تێرمیناڵی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بۆ شارەکانی تورکیان گەشت دەکەن.
جەلیل ئیبراهیم، بەڕێوەبەری کۆمپانیای لیدەر ئیستەنبووڵ بۆ گەشتوگوزار دەڵێت، "یەکەم هۆکار بۆ ئەوانەی کە پاس هەڵدەبژێرن بۆ گەشتکردن پەیوەندی بەوەوە هەیە کە کرێکەی کەمە، ئەگەر خێزانێکی 4 بۆ 5 کەسی بلیتی فڕۆکە ببڕێت پارەیەکی زۆر دەکات، بەتەنیا بە پارەی ئەو بلیتی فڕۆکەیە دەتوانێت بڕوات و بێتەوە و گەشتەکەشی بکات."
وەرزی گەشتکردن ساڵانە لە مانگی حوزەیرانەوە دەستپێدەکات، بژارەی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە دوای تورکیا ئیماراتە و لەوێش دوبەی، بەپێی راپۆرتی کۆمپانیاکانی گەشتیاری بژارەی دووەم 10٪ پێکدێنێت و 10٪ی دیکەش ئەو گەشتیارانەن کە پاسپۆرت، یان ڤیزای شنگنیان هەیە بۆ وڵاتانی ئەوروپا.