سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بۆ کشاندنەوەی هێزەکەی عێراق لە گەرمیان هاتووەتە سەرهێڵ

16-07-2020
سیروان عەباس
نیشانەکردن سوپای عێراق پێشمەرگە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی پێشمەرگە داوای لە بەغدا کردووە ئەو هێزە عێراقییەی کە لە سنووری گەرمیان جێگیرکراوە بکشێنێتەوە، جێگری سوپاسالاری پێشمەرگەش دەڵێت: "بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هاتووەتە سەرهێڵ".

چەند رۆژێکە هێزێکی سوپای عێراق لە گوندی کارێزەی سنووری قەزای کفری جێگیرکراون، ئەمەش پێچەوانەی ئەو لێکتێگەیشتنەیە کە لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق واژۆکراوە، کە بەگوێرەی لێکتێگەیشتنەکە نابێ هیچ لایەک بەبێ هاوئاهەنگی لە سنووری نێوان هەردوولا هێز بجوڵێنێت.

لیوا قارەمان کەمال، جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هێزە عێراقییەکە بە دووری 500 مەتر لە دوایین سەنگەری پێشمەرگە جێگیرکراون، وەزارەتی پێشمەرگەش بە فەرمی داوای لە بەغدا کردووە هێزەکە بکشێنێتەوە.

بە گوتەی جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە: "بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە و کشاندنەوەی هێزەکە، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هاتووەتە سەرهێڵ و لەگەڵ سەرۆککۆمار و حکومەتی عێراقیش گفتوگۆیان کردووە".

رۆژی یەکشەممەی رابردوو هێزێکی سەر بە فیرقەی زرێپۆشی سوپای عێراق هاتنە نزیک گوندی عەلی خەڵەفی سنووری گەرمیان کە ناوچەکە سنووری دەسەڵاتی پێشمەرگەیە، پێشمەرگەش رێگریان لێکردن، هێزەکە گوتبوویان رێگەیان لێتێکتچووە.

مەحموود سەنگاوی لەوبارەوە بە رووداوی گوتبوو کە هێزەکە بە بیانووی گەڕان و پشکنین بەدوای داعشدا هاتبوون: "بەڵام گومانم لەوە هەیە، چونکە ئەوان بەسەر جادەی قیردا هاتوون، خۆ دیارە داعش لەسەر جادەی قیر نییە".

بەڵام لیوا قارەمان دەڵێت: "ئەو هێزەی جێگیرکراون، بەشێکی هەمان ئەو هێزەبوون کە ئۆپەراسیۆنەکەیان کردووە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەختیار قادر، پەیامنێر و ئیبراهیم عەدنان، وێنەگری تۆڕی میدیایی رووداو.

دوای پێنج کاژێر لە دەستگیرکردنیان تیمەکەی رووداو لە مەخموور ئازادکران

بەختیار قادر، پەیامنێر و ئیبراهیم عەدنان، وێنەگری تۆڕی میدیایی رووداو لە کاتی رووماڵ دا و لە بازگەی مەخموور، لە لایەن هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵیی عێراق دەستگیرکران.