ئەندامێکی ئەنجوومەن: هەفتەی داهاتوو ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆدەبێتەوە

16-06-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رایگەیاند، دوای پشووی جەژنی قوربان ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆدەبێتەوە، بەڵام پۆستەکان هەڵنابژێردرێن.
 
د. ئەحمەد کەرکووکی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "رێککەوتنی لایەنەکان هەیە بۆئەوەی دوای پشووەکانی جەژنی قوربان، واتە هەفتەی داهاتوو، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆببێتەوە، بەڵام دیاری نەکراوە چی رۆژێک دەبێت."
 
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گوتیشی، "رێککەوتنەکە لەنێوان هەموو لایەنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگا کراوە، بڕیار بوو پێش جەژنی قوربان کۆبوونەوەکە بکرێت، بەڵام چوونی بەشێک لە ئەندامانی ئەنجوومەن بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج و ئامادەنەبوونی هەندێکیان بۆ کۆبوونەوە، وایکرد بخرێتە دوای جەژنی قوربان."
 
بە گوتەی د. ئەحمەد کەرکووکی، پێکهاتەکان لەسەر داوای محەممەد شیاع سوودانی رێککەوتوون کۆبوونەوەکە بکرێت، ئەو کۆبوونەوە ئەنجوومەن پابەند دەکات لە ماوەی یەک مانگدا پارێزگار هەڵبژێرن.
 
عەزام حەمدانی، گوتەبێژی هاوپەیمانی عرووبە، یەکێک لە پێکهاتەکانی نێو ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بە رووداوی گوت، "چاوەڕوان دەکرێت دوای جەژنی قوربان ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆببێتەوە و کێشەی دروستنەکردنی حکومەتی خۆجێیی پارێزگاکە چارەسەر بکات، چونکە ناکرێت لەوە زیاتر چاوەڕوان بکرێت، خەڵک خزمەتگوزاری و حکومەتی نوێی خۆجێیی دەوێت."
 
هەرچەندە ئەحمەد رەمزی، ئەندامی تورکمانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا رێککەوتن نەکراوە کەی ئەنجوومەن کۆدەبێتەوە، بەڵام محەممەد ئیبراهیم حافز لە هاوپەیمانیی قیادە، بە رووداوی گوت، "هەموو لایەن و پێکهاتەکانی ئەنجوومەنی پارێزگا رێککەوتووین بۆئەوەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەن بکەین و هەڵبژاردنەکان تەواو بکەین، بەڵێ کۆدەبینەوە، ئەگەر هیچ پێشهاتێکی نوێ نەیەتە پێش."
 
30ى ئایار محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ جاری سێیەم لەگەڵ نوێنەرى پێکهاتەکانى کەرکووک کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنى پرسی پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی شارەکە، داوای لێکردن لە ماوەی دوو هەفتەدا کۆبوونەوەی یەکەمی ئەنجوومەنی پارێزگاکە بکرێت.
 
کردنی ئەو کۆبوونەوەیە هەنگاوى یەکەمە بۆ پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی کەرکووک کە تاوەکو ئێستا پێکهاتەکان لەبارەیەوە نەگەیشتوونەتە رێککەوتن، بەهۆى پۆستى پارێزگار کە هەر سێ پێکهاتەى کورد و عەرەب و تورکمان داواى دەکەن.
 
لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووکدا یەکێتى پێنج کورسیی بەدەستهێنا و براوەى یەکەم بوو، هاوپەیمانیى عەرەبی سێ کورسیی بەدەستهێنا، هەریەک لە پارتى، بەرەى تورکمانى، هاوپەیمانیى قیادە دوو کورسییان بەدەستهێنا؛ هاوپەیمانیى عرووبە یەک کورسی و بابلیون کورسیى کۆتایی ئەنجوومەنەکەى بردەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە