رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانیی یەکەم رۆژی جەژنی قوربان کوڕە گەورەکەی شێخ نەهرۆ کەسنەزانی، رێبەری تەریقەتی قادری - کەسنەزانی لە ئوردن گیانی لەدەستدا.
رۆژی یەکشەممە (16-06-2024) شێخ عەلی کەسنەزانی ئامۆزای شێخ نەهرۆ کەسنەزانی بە رووداوی راگەیاند، "شەوی رابردوو چووەتە حەمام بۆ خۆشۆردن، لەوێ کەوتووە و سەری بەر زەوییەکە کەوتووە، بەهۆی ئەمەوە تووشی خوێنبەربوون بووە، دواتر براوەتە نەخۆشخانە، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەیەوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا."
ئەو ئامۆزایەی شێخ نەهرۆ دەڵێت: "ناوی محەممەد بوو، تەمەنی نزیکی 18 ساڵە، دانیشتووی عەممان بووە و بڕیارە هەر لەوێش بەخاک بسپێردرێت."
تەرمی کوڕەکەی شێخ نەهرۆ لە ئوردن بەخاک دەسپێردرێت بەڵام شێخ عەلی کەسنەزانی گوتی: "لە سلێمانی پرسەی بۆ دادەنرێت و ئەمڕۆ یەکەم رۆژی پرسەکەی لە تەکیەی سەرەکی تەریقەتی کەسنەزانی لە سلێمانی."
لە رۆژی 4ی تەممووزی 2020، شێخ محەممەد عەبدولکەریم کەسنەزانی کە دەکاتە باوکی شێخ نەهرۆ لە تەمەنی 82 ساڵیدا لە ئەمریکا کۆچی دواییکرد. شێخ نەهرۆ کەسنەزانی لەلایەن باوکییەوە بە جێگرەوەی و رێبەری تەریقەتەکە دیاریکرابوو و جێگەی گرتەوە.
تەریقەتی قادری - کەسنەزانی تەریقەتێکی ئیسلامییە لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان شوێنکەوتووی هەن، بارەگەی سەرەکی تەریقەتەکە لە شاری سلێمانییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ