ئەو گەنجەی کەرکووک کە بەهۆی نەخۆشییەوە بەشێکی دەموچاوی لەدەستدابوو، گیانی لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ 

ئاری یوسف، ئەو گەنجە کوردەی خەڵکی کەرکووک کە بەهۆی نەخۆشییەکەیەوە بەشێکی دەموچاوی لەدەستدابوو، بەرەبەیانی ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا. ئاری پێشتر رایگەیاندبوو، بەهۆی "هەڵەی پزیشکییەوە" تووشی نەخۆشی بووە و رووخساری شێواوە، سەندیکای پزیشکانی عێراقیش رەتیکردبووەوە. 
 
ئەرخەوان عەبدوڵڵا، ئامۆزای ئارییە و خەڵکی گوندی تۆپزاوایە لە سنووری کەرکووک. ئەو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 04:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئاری دوای ئەوەی دۆخی بەتەواوی تێکچوو، گیانی لەدەستدا. 
 
ئەو ئامۆزایەی ئاری باسی لەوەشکرد، کە ئاری ماوەیەک بووە دۆخی تەندروستیی رۆژ بە رۆژ خراپتر بووە و پزیشکەکانیش بێهیوا بوون لە چارەسەرکردنی. 
 
ئاری پێش ئەوەی گیان لەدەستبدات لە کۆتاییەکانی مانگی نیسانی ئەمساڵ قسەی بۆ رووداو کرد، گوتی، نەخۆشییەکەی لەو کاتەوە سەریهەڵداوە کە لە 2016 سەردانی پزیشکێکی ددانی کردووە، دواتر دەرزییەک لەنێو ددانی جێهێڵدرابوو، تاوەکو تووشی ئاوسان بووە و جاری دووەم کە سەردانی پزیشکەکەی کردووەتەوە چارەسەری هەڵەی بۆ کراوە.
 
بە گوتەی ئاری، دەرزییەک لەنێو ددانیدا شکاوە و "ماوەی سێ بۆ چوار مانگ بابەتەکەیان شاردەوە و پێیان نەگوتووم، لەدوای ئەو دەرزی شکاندنە ئیلتیهاباتی زۆرم بۆ پەیدابوو، خاوەنی کلینیکەکە ددانەکەی راکێشا بەو ئاوساوییەوە و شەش کاژێر خوێنم لەبەر رۆیشت. نەشتەرگەرییەکی بۆ کردم کە پسپۆڕیی خۆی نییە و دەبوو پزیشکی پسپۆڕ بیکردایە؛ بۆ ئەوەی بوو بابەتەکە دابخات."
 
ئەو گەنجە باسی لەوەشکرد، لە ساڵی 2018 سکاڵای لەسەر پزیشکەکە و دوو یاریدەدەری تۆمار کردووە، بەڵام وەکو خۆی دەڵێت، دۆسیەکەی لە دادگە نەجووڵێندرابوو.
 
هەر ئەوکات سەندیکای پزیشکانی ددان لە عێراق لەسەر رووداوەکە بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و رەتیان کردەوە کە هەڵە پزیشکییەکە هۆکاری ئەو نەخۆشییە بێت کە تووشی ئاری بووە.
 
رائید عەتا، نەقیبی لقی کەرکووکی سەندیکای پزیشکانی ددانی عێراق بە رووداوی گوت، "نەخۆشەکە، مێژووی چارەسەرییەکەی بۆ شەش بۆ حەوت ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، سکاڵای لە فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک تۆمارکردووە، چەندین لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکهێندراون لەسەر ئەو بابەتە، تەنانەت لیژنەی وەزارەتی تەندروستی لێکۆڵینەوەی لەسەر کردووە و دەرئەنجام گەیشتنە ئەوەی سوڵح لەگەڵ نەخۆشەکە کراوە لەسەر پوختەی لێکۆڵینەوەکەدا."
 
پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکەی ئاری ئاماژە بەوەکرد، ناوی زانستیی جۆری نەخۆشییەکە "کۆندرۆ سارکۆمایە،" لە عێراق و هەرێمی کوردستان چارەسەری بنەڕەتی نییە و ئێستا لە وڵاتانی ئەوروپا رێگەچارە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆزراوەتەوە.