لە دوو رووداوی هاتووچۆدا لە نێوان ورمێ-مهاباد 20 کەس گیانیان لەدەستدا و بریندار بوون


رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێک لە رێگەی ورمێ - مهاباد دوو کەس گیانیان لەدەستدا و لە هەمان رێگەش ئۆتۆمبێلێک خۆی بە مینی پاسێکدا کێشا و لە ئەنجامدا کەسێک گیانی لەدەستدا و 18 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
رۆژی هەینی، 16ـی حوزەیرانی 2023، سەردار فیداکار موکری، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی مهاباد بە میدیاکانی ئێرانی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلێک کە لە مهابادەوە بەرەو ورمێ رۆیشتووە، وەرگەڕاوە و ئاگری گرتووە، بۆیە لە ئەنجامدا هەردوو سەرنشینەکەی گیانیان لەدەستداوە.
 
بە گوتەی سەردار فیداکار، ئۆتۆمبێلەکە لە جۆری نیسان پاترۆڵ بووە و دوای وەرگەڕانی دەستبەجێ ئاگری گرتووە؛ بۆیە هەردوو سەرنشینەکەی بەهۆی سووتانەوە گیانیان لەدەستداوە.
 
هاوکات ئێوارەی ئەمڕۆ مینی پاسێک بە 18 سەرنشینەوە لە رێگەی ورمێ - مهاباد لەگەڵ ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیژۆ 405 پێکیانداداوە و لە ئەنجامدا شۆفێری پیژۆکە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە و هەر 18 سەرنشینی مینی پاسەکە بریندار بوون.
 
ئەحمەد جەوادی، بەرپرسی فریاکەوتن و بەڕێوەبەرایەتیی رووداوەکانی پارێزگای ورمێ بە میدیای فەرمی ئێرانی راگەیاند، دوای رووداوەکە، سەرجەم بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەی گشتی ورمێ گوێزراونەتەوە و دۆخی تەندروستی چوار کەسیان ناجێگیرە و هەندێک لە بریندارەکانیش تووشی شکان بوون و چارەسەری پێویستیان بۆ دەکرێت.
 
بەپێی ئاماری رووداوەکانی پارێزگای ورمێ، بەهۆی خراپی رێگەی نێوان مهاباد -  ورمێ ساڵانە چەندین رووداوی هاتووچۆ لەو رێگەیە روودەدەن و دەبنە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانی و هاووڵاتییان.