چیرۆکی دەخیل و سامیا دوای 9 ساڵ دابڕان؛ دەخیل چاوەڕێ بووە و ژنێکی دیکەی نەهێناوە

16-06-2023
حەیدەر دۆسکی
دیمەنێک لەکاتی ئاهەنگەکەی دەخیل و سامیا
دیمەنێک لەکاتی ئاهەنگەکەی دەخیل و سامیا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دەخیل و سامیا، دوای 9 ساڵ دابڕان لە یەکدی، جارێکی دیکە ئاهەنگی هاوسەرگیرییان کردەوە. سامیا لە ساڵی 2014 لە شنگال کەوتە دەست داعش و سەرەتای ئەم مانگە گەڕێندرایەوە نێو کەسوکارەکەی، ئەوان دوای ئەو ماوەیە لە دووریی یەکدی، ئەمڕۆ جارێکی دیکە ئاهەنگی هاوسەرگیرییان کردەوە. 
 
ئەو کاتەی سامیا کەوتە دەست داعش، تازە مانگێک بوو لەگەڵ دەخیل ژیانی هاوژینی پێکهێنا بوو، بەڵام دوای نۆ ساڵ، لەگەڵ پێنج کچی دیکەی کوردی ئێزدی لە سووریاوە گەڕێندرانەوە نێو کەسوکاریان. وەکو خۆشەویستییەک بۆ یەکدی، ئەو دوو هاوژینە ناوی یەکدییان لەسەر دەستیان نەخشاندووە.
 
سامیا سمۆ بە جلی بووکێنییەوە بە رووداوی گوت، ئەو دۆخەی ئەو ئێستا تێیدایە وەکو خەونە و دەشڵێت، "بڕوام نەدەکرد.. هەر وامزانی لە خەودام، زۆر دڵخۆشم." دەخیلیش دەڵێت، هەر چاوەڕێی ئەوە بووە رۆژێک هاوژینەکەی بگەڕێتەوە و گوتی، "هەست بە دڵخۆشییەکی زۆر دەکەم."
 
دایکی زاوا لەنێو ئامادەبووانی ئاهەنگەکە بوو، بە دەموچاوییەوە دیار بوو کە هەست بە دڵخۆشییەکی زۆر دەکات. لەیلا بە رووداوی راگەیاند، "زۆر دڵخۆش بووم بە بینینی ئەم دیمەنە. [دەخیل] زۆر سامیای خۆشدەویست و هەر چاوەڕێی بوو."
 
دەیان کەس لە کەسوکاری دەخیل لە هۆڵی ئاهەنگەکە ئامادەبوون، دەنگی گۆرانی لە لایەک و شایی و هەڵپەڕکێ لە لایەکی دیکە، بەشێک لە ئازاری ئەوانی کەمکردووەتەوە. لە ماڵی بووکیش، برایەک و دوو خوشکی ئامادەی ئاهەنگەکە بوون.
 
سەلام سەمۆ، برای بووکە و دەڵێت، "بڕوامان نەدەکرد جارێکی دیکە ئاهەنگی بۆ بکەین، بۆیە ئێستا هەستێکی زۆر خۆشمان هەیە."
 
ئەو پێنج کچەی کە لەگەڵ سامیا گەڕێندرانەوە نێو کەسوکاریان لە دهۆک، لە ئاهەنگەکەی ئامادەبوون. تاوەکو ئێستا لە شەش هەزار و 417 کەس، سێ هەزار و 568 کەس لە رفێندراوانی کوردی ئێزدی گەڕێندراونەتەوە نێو کەسوکاریان. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە