دوو رۆژە تیمەکانی بەرگریی شارستانیی سۆران بەدوای تەرمی گەنجێکدا دەگەڕێن کە لە ئاودا خنکاوە

16-06-2023
ئەندام جەبار
 تیمەکانی بەرگریی شارستانیی سۆران لە کاتی گەڕان بە دوای تەرمی هەڵوێست شاکر
تیمەکانی بەرگریی شارستانیی سۆران لە کاتی گەڕان بە دوای تەرمی هەڵوێست شاکر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

تیمەکانی بەرگریی شارستانیی سۆران لە گەڕان بەدوای تەرمی هەڵوێست شاکر بەردەوامن، ئەو گەنجەی کە دوێنێ لەگەڵ براکەی لە رووباری کانی ماران خنکا. 
 
بڕوا مەغدید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران بە رووداوی گوت، "ئێستا ئاوەکە زۆر لێژە، یانی ناڕوونە، یان خوڕە، بۆیە ئەوە هۆکاری سەرەکییە. یەکێکی دیکە لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی دیکەیش ئەوەیە کە ئاوەکە زۆر ساردە."
 
دایکی خنکاوەکان رێگر بووە لە دانانی پرسە تاوەکو ئەوکاتەی تەرمی کوڕەکەی دیکەیشی دەدۆزرێتەوە، لەسەر پردێکی بەرز چاودێریی هەوڵی تیمەکانی بەرگریی شارستانی دەکات. هەروەها خزم و کەسوکارەکانیشیان لە شوێنی رووداوەکەن بۆ دۆزینەوەی تەرمەکە.
 
ئەحمەد شاکر، برای خنکاوەکان دەڵێت، "ئێستا بەس تیمی سۆران لێرەیە، مێرگەسۆر لێرە نزیکە، رانیە لێرەوە نزیکە، پێویستە تیمی مەلەوانییەکانیان بێنە ئێرە، تازیەمان دانەناوە، دەمانەوێ ئەوەش ببینینەوە ئینجا یەکجاری تازیە دادەنێین."
 
زیادکردنی تیمەکانی بەرگریی شارستانی، داواکاریی خێزان و کەسوکاری ئەو دوو گەنجە خنکاوەی هەولێرە؛ ئیدارەی سنوورەکەیش بەڵێنی زیادکردنی تیم و گەڕانی وردتری پێدان.
 
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران باسی لەوە کرد، "قسەمان لەگەڵ بەرگریی شارستانیی هەولێریش کردووە، بەرگریی شارستانیی سۆران زیاتر شارەزاییان لە ناو رووبار هەیە، بۆیە بڕیارمان دا تیمێک زیاد بکەین لە خوارەوە نەوەک تەرمەکە چووبێتە ئەوێ، تیمەکان هەوڵدەدەن بەمزیکانە تەرمی دووەمیش بدۆزنەوە."
 
ساڵی رابردوو لە رووبارەکانی ئەو سنوورە 13 هاونیشتمانی خنکان و لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە تاوەکو ئێستا سێ کەس خنکاون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو شوێنەی منداڵەکەی تێدا خنکا

منداڵێکی 7 ساڵان لە پڕۆژەی ئاوی خەبات خنکا

بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ منداڵێکی 7 ساڵان لەنێو پڕۆژەی ئاوی خەبات خنکا و تەرمەکەی دەرهێندرا.