یونیسێف: کوژرانی منداڵەکەی شنگال تاساندینی
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی یونیسێفی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکۆنەی کوژرانی ئەو منداڵە دەکات کە بەهۆی بۆردوومانێکی تورکیا لە ناحیەی سنوونێ لە قەزای شنگال لە بەردەم دووکانەکەی کوژرا.
رێکخراوی یونیسێفی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "یونیسێف بە کوژرانی منداڵێکی تەمەن 12 ساڵان بەهۆی هێرشەکەی ناوچەی شنگالی پارێزگای نەینەوا تاساوە. یونیسێف سەرکۆنەی هەموو کردەوەیەکی تووندتیژی دەکات لە دژی منداڵان و بەشدارە لە پرسەی ئەو خێزانەی کە منداڵەکەیان کوژراوە. نابێت منداڵان ببنە قوربانی تووندتیژی".
رۆژی چوارشەممە 15-06-2022 بەهۆی بۆردوومانێکی تورکیا لە ناحیەی سنوونێ، منداڵێکی تەمەن 12 ساڵان بەناوی (سەڵاح ناسر خدر) گیانی لەدەستدا.
یونیسێف داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات، بەپێی یاسای نێودەوڵەتی پابەندی پاراستنی منداڵان بن لە هەموو کاتەکاندا و بەبێ دواکەوتن. هەموو منداڵێک لە عێراق شایستەی ژیانێکە، هەڕەشەی تووندوتیژی بەردەوامی لەسەر نەبێت.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، تائێستا بەکارهێنانی تەقەمەنی لە ناوچەکانی نیشتەجێبوون ژیانی منداڵان دەخاتە مەترسییەوە، نەک ئێستا بەڵکو هەڕەشەیە بۆ نەوەکانی داهاتووش، بەکارهێنانی بەردەوامی تەقەمەنییەکان پێویستە رابگیرێت. بەهۆی ململانێ و ئەو تەقەمەنییانەوە لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا لایەنی کەم 519 منداڵ کوژراون یان زیان بەرکەتووە.
رۆژی چوارشەممە 15-6-2022 حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزی ئاسایشی ئێزدخان میوانی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، بوو کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات و رایگەیاند: "ناوەندی ناحیەی سنوونێ دووجار بۆردوومانکرا کە بارەگای ئاسایشی ئێزیدخان و لایەنەکانی سەر بە پەکەکە لەوێن و بەهۆی ئەوەی دووکان و بازاڕیان لێوە نزیکە، بەداخەوە منداڵێک گیانی لەدەستدا".
حەیدەر شەشۆ گوتی: "لە هێرشەکەدا بە دەیان کوژراو و بریندار هەن، بەڵام پەکەکە تەنیا باس لە کوژرانی یەک کەس دەکات، شایەتحاڵەکان باس لەوە دەکەن بە چاوی خۆیان تەرمی زیاتر لە چوار کەسیان بینیوە. بەپێی زانیارییەکانی ئێمە چوار برینداریان گواستووەتەوە مووسڵ، کە یەکێکیان بەهۆی سەختیی برینەکەی گیانی لەدەستداوە و سێیەکەی دیکەش برینەکانیان قورسە".
بە گوتەی فەرماندەی هێزی ئاسایشی ئێزدخان، زیاتر لە مانگێکە خەڵکی سنوونێ و شنگال داوا لە پەکەکە دەکەن بارەگاکانیان لەناو خەڵک ببەنە دەرەوە "بۆ ئەوەی بیانوو نەدەنە تورکیا بۆردوومانیان بکات و خەڵکی مەدەنی ببنە قوربانی".
لەبارەی شوێنی بۆردوومانەکەش، حەیدەر شەشۆ دەڵێت: "ئەمڕۆ لە ناوەندی سنوونێ هێزەکانی پەکەکە کۆبوونەوەیان هەبووە و تورکیا ئەو کۆبوونەوەیەی کردووەتە ئامانج کە هەندێک لە بەشداربووانی ئەو کۆبوونەوەیە خەڵکی سنوونێ و تەنانەت شنگالیش نین، بۆیە پەکەکە ژمارەی بریندار و کوژراوەکان ئاشکرا ناکات بۆ ئەوەی ناسنامەیان دەرنەکەوێت".