جێگر و سکرتێری پەرلەمان بۆ د. رێواز فایەق: بڕیارەکەت تاکلایەنە و نایاساییە
رووداو - هەولێر
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بڕیاری هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر، پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی هەڵوەشاندەوە، جێگر و سکرتێری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانیش لە نامەیەکدا کە بۆ سەرۆکی پەرلەمانیان ناردووە دەڵێن، ئەو بڕیارە نایاساییە و لەژێرفشاردا دراوە.
لە نامەکەی جێگر و سکرتێری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کە واژۆی هێمن هەورامی و مونا قەهوەچی لەسەرە، هاتووە، سەرۆک، جێگر و سکرتێری پەرلەمان دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی "بڕیاری تەشریعی"ـی پەرلەمانیان نییە. بۆیە سەرۆکی پەرلەمان ناتوانێت بەهیچ شێوەیەک "بڕیاری تەشریعی" ژمارە چواری رێکەوتی 7-5-2020 کە بە دەنگی 57 ئەندام پەرلەمان دەرچووە، هەڵبوەشێنێتەوە.
بڕیارەکە تایبەت بوو بە هەڵوەشاندنەوەی پارێزبەندی لە سۆران عومەر، ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان. جێگر و سکرتێری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێن، "ئەو بڕیارە تەنها بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی پەرلەمان هەڵدەوەشێندرێتەوە".
لەبارەی بڕیارەکەی د. رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، هێمن هەورامی و مونا قەهوەچی لە نووسراوەکەیاندا دەڵێن، "ئەو نووسراوەی لەلایەن نووسینگەی بەڕێزتانەوە دەرچووە لە رووی شکڵییەوە نووسراوێکی کارگێڕییە نەک بڕیار". بەپێی رێکار و میکانیزمە کارپێکراوەکانی پەرلەمانی کوردستان کاتێک بڕیار دەردەچێت ژمارە و بەرواری خۆی هەیە و بە نووسراوی فەرمی ئاراستەی لایەنەکان دەکرێت و لە رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاودەکرێتەوە. بەڵام نووسراوەکەی د. رێواز فایەق "وێنەی دراوەتە نووسینگەکانی سەرۆکایەتی".
جێگر و سکرتێری پەرلەمانی کوردستان باس لەوەشدەکەن، دوای تێپەڕبوونی 38 رۆژ لە بڕیاری ژمارە 4ـی رۆژی 7-5-2020 سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان هیچ تێبینی و سەرنجێکی لە کۆبوونەوەی دەستەی سەرۆکایەتی نەبووە، بۆیە "وادیارە ئەو نووسراوەتان لەژێر گوشاری سیاسی دەرکردووە". جەختیش دەکەنەوە کە دەبوو سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وەکو یاساناسێک پێگەی یاسایی خۆی بپاراستایە و "لەژێر هیچ گوشارێکدا ئەم نووسراوە پڕ لە هەڵە سیاسی و پەیڕەویەتان واژۆ نەکردایە".
دوێنێ دووشەممە لەدوای دەرکردنی بڕیارەکەی سەرۆکی پەرلەمان، پێشەوا هەورامانی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی و گوتەبێژی فراکسیۆنەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێمە دەزانین لەژێر فشارداو لەژێر هەڕەشەی دەرکردنی [سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان] ناچاربووە ئەم فەزیحە یاساییە ئەنجام بدات، کە شوێنی خۆی ناگرێت".
د. رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کە لە رۆژی هەڵگرتنی پارێزبەندییەکە لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان ئامادەنەبوو و رایگەیاندبوو، "واژۆ لەسەر بەرنامەی کارێک ناکات هەڵگرتنی پارێزبەندی تێدابێت". جێگر و سکرتێری پەرلەمان دەڵێن، "رۆژی دانیشتنەکە کاتێک زەنگی دانیشتن بۆ کاژێر 01:00 لێدرا، بڕیاربوو بەڕێزیشت بەشداربیت، بەڵام کاژێر 01:10 خولەک ئێمەت ئاگادارکردەوە کە دوا بڕیار ئەوەیە بەشدار نابیت".
د. رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کە لە رۆژی هەڵگرتنی پارێزبەندییەکە لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان ئامادەنەبوو و رایگەیاندبوو، "واژۆ لەسەر بەرنامەی کارێک ناکات هەڵگرتنی پارێزبەندی تێدابێت". جێگر و سکرتێری پەرلەمان دەڵێن، "رۆژی دانیشتنەکە کاتێک زەنگی دانیشتن بۆ کاژێر 01:00 لێدرا، بڕیاربوو بەڕێزیشت بەشداربیت، بەڵام کاژێر 01:10 خولەک ئێمەت ئاگادارکردەوە کە دوا بڕیار ئەوەیە بەشدار نابیت".
سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان دوای بڕیارەکەی دوێنێی سەرۆکی پەرلەمان سوپاسی کرد و ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەوەیشی پێی وایە ئەو بڕیارەی سەرۆکی پەرلەمان دەباتە ئەنجوومەنی شورا نایاساییە و لە دەسەڵاتی جێگری سەرۆکی پەرلەمان نییە نووسراو ئاراستەی ئەنجوومەنی شورا بکات".