لە کەرکووک تووشبوویەکی تای خوێنبەربوون تۆمار کرا

رووداو دیجیتاڵ 

لە کەرکووک تووشبوویەکی تای خوێنبەربوون تۆمارکرا، کە یەکەم تووشبووە ئەم ساڵ تۆمار بکرێت، وەزارەتی تەندروستیی عێراقیش دەڵێت، ئەم ساڵ 40 تووشبوو تۆمارکراون.
 
رۆژی پێنجشەممە، 16-05-2024 سامان یابە، گوتەبێژی تەندروستیی کەرکووک بە رووداوی گوت: "دوای دەرکەوتنی ئەنجامی پشکنین، یەکەم تووشبووی تای خوێنبەربوونمان تۆمارکرد". دەشڵێت، بۆ بەرگرتن لە زیادبوونی تووشبوون رێکاری پێویستیان گرتووەتەبەر.
 
ریاز حلفی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی گشتی لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند، لەو 40 کەسەی ئەم ساڵ تووشی نەخۆشییەکە بوون، پێنجیان گیانیان لەدەستداوە.
 
زۆرترین تووشبوو لە پارێزگای زیقارن، کە 15 تووشبوون و دووانیان گیانیان لەدەستداوە. لە پارێزگای نەینەوا شەش تووشبوو و یەک گیانلەدەستدان لە بابل چوار تووشبوو و یەک گیانلەدەستدان و لە بەغداش شەش تووشبوو و یەک گیانلەدەستدان تۆمارکراون.
 
لە نۆ مانگی یەکەمی ساڵی رابردوو 565 تووشبووی تای خوێنبەربوون تۆمارکران، لەو ژمارەیە 70یان گیانیان لەدەستدا و کە بەشێکیان لە هەرێمی کوردستان بوون.
 
تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسی هاوبەشە لە نێوان مرۆڤ و ئاژەڵدا، لە رێگەی گەنەوە بۆ ئاژەڵ بەشێوەیەکی سەرەکی دەگوازرێتەوە؛ ئاژەڵی ماڵی و کێوی وەک گوێزەرەوەی ڤایرۆسەکە بۆ مرۆڤ دادەنرێن؛ بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە لە عێراقدا نوێ نییە و سەرەتاکەی بۆ ساڵی 1979 دەگەڕێتەوە. 
 
نیشانەکانی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە مرۆڤدا بەپێی پسپۆڕانی بوارەکە ئەمانەن: سەرئێشە و ئازاری مل و سک، سووربوونەوەی چاو و سەر شان و سنگ، سکچوون و رشانەوە کە خوێنبەربوونی لەگەڵ دەبێت. 
 
تای خوێنبەربوون ئەم ساڵ سەرەتا لە پارێزگاى زیقارى باشوورى عێراق بڵاوبووەوە، کە ژمارەى دانیشتووانى زیاتر لە دوو ملیۆن کەسە و زۆرینەى تووشبووەکانیش لە عێراقدا هەر لەو پارێزگایەن، ئێستا لە بەشێک لە پارێزگاکانی عێراق تای خوێنبەربوون تۆمارکراوە.
 
مێژووی تای خوێنبەربوون لە عێراق بۆ ساڵی 1979 دەگەڕێتەوە، نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی هاوبەشە لەنێوان مرۆڤ و ئاژەڵ، لە رێگەی گەنەوە بۆ ئاژەڵ بەشێوەیەکی سەرەکی دەگوازرێتەوە، دیارترین نیشانەکانى بریتین لە تا، ئازارى ماسوولکە و سکچوون.