داوای گواستنەوەی گوندێکی قەرەتەپە دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
داوا دەکرێت گوندی کەشکۆڵیی کۆن لە ناحیەی قەرەتەپە کە لە سەرەتای ئەم مانگەوە بەهۆی لافاو زیانێکی گەورەی بەرکەوت، بگوازرێتەوە شوێنێکی دیکە.
رۆژی پێنجشەممە 16-05-2024 وەسفی تەمیمی، بەڕێوەبەری ناحیەی قەرەتەپە بە رووداوی گوت، گوندەکە زیانی گەورەی بەرکەتووە، ژیان تێیدا سەخت بووە، شوێنەکەشی نزمە و ئەگەری هەیە جارێکی دیکە بەر لافاو بکەوێت، بۆیە دانیشتوانی گوندەکە داوایان پێشکێشکردووە، گوندەکەیان بگوازرێتەوە شوێنێکی دیکە.
بەڕێوەبەری ناحیەی قەرەتەپە گوتیشی "داواکەمان بۆ سەرووی خۆمان بەرزکردووتەوە، بۆ رەزامەندیدان و دەرخستە، چاوەڕێی وەڵامی فەرمیین، تاوەکو دەست بە گواستنەوە بکەن."
سەبارەت بە شوێنی نوێی گوندەکە، بەڕێوەبەری ناحیەی قەرەتەپە گوتی، لە نزیک گوندەکە شوێنی بەردەڵان و بەرز هەیە، بڕیارە گوندەکە بۆ ئەو شوێنە بگوزارێتەوە.
ناحیەی قەرەتەپە سەر بە قەزای خانەقینە، دەکەوێتە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان. رۆژی 03-05-2024 لافاو گوندەکانی کەشکۆڵی کۆن، سەلام، دۆرە و بەگالی گرتەوە، بەڵام زۆرترین زیان بە کەشکۆڵیی کۆن کەوت.
لافاو زیانی لە نزیکەی 160 ماڵ داوە، 60 ماڵیان زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە و خانووەکانیان کە قوڕ بووە، رووخاون. ئەوانی دیکە 50% زیانیان بەرکەوتووە، 105 سەر مەڕ و شەش مانگا مرداربوون و چوار ئۆتۆمبێل ژێرئاو کەوتن.
رۆژی 12-05-2024 ئەحمەد مەزهەر جبووری، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، کە هاوکات نوێنەری پارێزگای دیالەیە لە پەرلەمانی عێراق، نووسراوێکی بۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەتووان و سەرۆکوەزیرانیش رەزامەندیی لەسەر قەرەبووکردنەوەیان دەربڕیوە.
راپۆرتێکی رووداو لەبارەی زیانەکانی گوندەکە لە رۆژی دوای لافاوەکە: