رووداو دیجیتاڵ
مام سالار کە بەرهەمی جۆ و گەنمی چاندبوو، لەگەڵ بڕیارەکانی لیژنە پەرلەمانییەکەی عێراق لەسەر کۆتاییهێنان بە رێگرییەکانی بەردەمیان، دروێنەی بەرهەمەکانی دەستپێکرد. لەسەر خاکەکەی سووژدەی سوپاسگوزاری برد و بە هەڵگرتنی مشتێک خۆڵ، دووپاتی کردەوە کە ئەو شوێنە خاکی ئەوانە.
سالار عومەر کەریم دەڵێت، "ئەمڕۆ وەکو جەژنێکە بۆ ئێمە و هەموو خەڵکی کوردستانیش.. ئێمە میلـلەتێکین کە غەدرمان لێکراوە و تەعریب کراوین."
بەشێوەیەکی فراوان لە دەشتی گوندەکانی پەلکانە، گابەڵەکە، خەرابە، شەناغە و سەربەشاخ دروێنە دەستیپێکرد. جووتیاران پەلەیانە تا بەرهەمەکانیان لە مەترسیی سووتان و ئافات بەدوور بگرن.
لە هەنگاوی یەکەم، بەرهەمی تۆوکراوی نزیکی رێگە سەرەکییەکان دروێنە دەکەن.
فاخیر ئیسماعیل، یەکێکە لەو جووتیارانەی رووبەرێکی زۆری زەوی بە گەنم داچاندبوو، ئێستا بەرهەمەکەی دروێنە دەکات، دەڵێ، "لە رووی یاساییەوە ئێمە هیچ کێشەیەکمان نییە، خاوەنی زەوین و بەرهەمەکانیشمان لە سایلۆ لێ وەردەگیرێت."
بەپێی بڕیاری لیژنەکە 10 پارچە زەوی کە سکاڵای هاوردەکانی لەسەرە، تا یەکلاکردنەوەی سکاڵاکان جگە لە دروێنە کاری دیکەی لەسەر ناکرێت. کورد ئەو بەڵگانەی خستووەتەڕوو کە هاوردەکان مافیان بەسەر زەویوزاری ناوچەکەی ئەوانەوە نییە.
محەممەد ئیسماعیل، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕانە و دەڵێت، "ئێمە پابەندین، ئەگەر دەرچوو ئەو هاوردانە لە ساڵی 1957 لە پەلکانە تۆمارکراون، خانوو و زەویشیان پێ دەدەین."
لەنێو گوندی پەلکانەش کە لە چەند رۆژی رابردوو بە سەربازگە کرابوو، دۆخەکە ئاساییبووەتەوە و بەشێکی هاوردەکانیش جگە لەو چەند ماڵەی خانووی کوردیان داگیرکردووە، گەڕاونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ