لە ورمێ زیاتر لە 52 هەزار ئالوودەبووی هۆشبەر هەن

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی خۆشبژێویی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بەپێی بەدواداچوونەکانیان 52 هەزار و 420 کەس ئالوودەبووی هۆشبەر لەو پارێزگایە هەن.
 
پەروین محەممەدی پوور، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەکە گوتی، لەو ژمارەیە 7 هەزار و 234 کەس بە ئاشکرا و لە شوێنە گشتییەکان مادەی هۆشبەر بەکاردەهێنن، کە زیاتر لە 6 هەزار کەسیان پیاو و 406 کەسیان ژنن.
 
لە پارێزگای ورمێ سێ ناوەندی وازهێنان لە مادە هۆشبەرەکان هەن. پەروین محەممەدی پوور گوتی: "ناوەندێک لە شاری ورمێیە کە هەزار و 200 کەس لە خۆ دەگرێت، ناوەندێکی شاری خۆی توانای لەخۆگرتنی 300 کەسی هەیە، ناوەندی سێیەمیش لە شاری میاندواوە کە 250 کەس لە خۆ دەگرێت."
 
پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی هاوسنووریی لەگەڵ تورکیا، هەرێمی کوردستان و ئازەربایجان وەک شوێنێکی ترانزێت بۆ قاچاخی مادەی هۆشبەر بەکاردەهێنرێت و ساڵانە لە پارێزگەکەدا دەست بەسەر نزیکەی پێنج تۆن مادەی هۆشبەردا دەگیرێت. هەروەها بڕێکی زۆری مادەی هۆشبەر لە ناوخۆی ئەو پارێزگایە بەکاردەهێنرێت.
 
رۆژی 4ی ئاداری 2024، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ورمێ رایگەیاندبوو، لە 11 مانگی رابردوودا لە سنووری پارێزگاکە، دەست بەسەر چوار تۆن و 700 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گیراوە، 297 قاچاخچیش دەستگیرکراون و 61 باندی قاچاخ و ترانزێتی مادەی هۆشبەر لەنێوبراون.