دەستەی دادوەری راگرتنی کارەکانی کۆمیسیۆن هەڵدەوەشێنێتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان بڕیاری راگرتنی کارەکانی کۆمیسیۆنی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان هەڵوەشاندەوە، بە نادروست و پێچەوانەی یاسا ناوی هێنا. دەشڵێت "راگرتنی کارەکانی کۆمیسیۆن رەچاوی ئەوەی نەکردووە دەبێت کۆمیسیۆن لە ماوەی ویلایەتی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی ئێستا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکات."
 
رۆژی پێنجشەممە، 16ـی ئایاری دەستەی دادوەرەیی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیارێکی لە بەرژەوەندیی تانەیەک دا، کە لە دژی راگرتنی کارەکانی کۆمیسیۆن بۆ کردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گیرابوو.
 
تانەکە لەلایەن رزگار حاجی حەمە، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانەوە پێشکێشکرابوو، دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە بەرژەوەندیی ناوبراو بڕیاری دا.
 
دەستەکە بڕیارەکەی کۆمیسیۆن بە "نایاسایی" ناودەهێنێت و دەڵێت، لە ئەگەری دواکەوتنی یەکلاییکردنەوەی ئەو سکاڵایەی لە دژی سیستمێکی کۆمیسیۆن تایبەت بە دابەشکردنی کورسییەکانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان پێشکێشکراوە، دەبووایە داوای لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بکردبا وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمان بۆ کاتێکی دیکە دوابخات.
 
دەستەکە لە بڕیارەکەیدا دەڵێت: "بڕیاری تانەلێدراوە دروست نییە و پێچەوانەی یاسایە، بۆیە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی درا و بڕیاردرا کۆمیسیۆنی لێ ئاگاداربکرێتەوە بەوەی ئەوە بڕیارە یەکلاکەرەوەیە."
 
تانەکە لە دژی راگرتنی کارە هونەری و داراییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقە. کە تایبەتن بە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان. ئەوەش دوای ئەوەی لە 7ـی ئایار بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی کارەکانی کۆمیسیۆن راگیران. 
 
دەستەکە دەڵێت، بڕیارەکەی کۆمیسیۆن دوای بڕیاری دادگەی فیدراڵی، بووەتە هۆی راگرتنی کارەکانی لە دابینکردنی ئامێرەکان و چاپکردنی کاخەزی دەنگدان و کاری کۆمپانیای پشکنەر و جێبەجێکردنی ئەرکەکانی بەپێی خشتەی کارەکانی تایبەت بە هەڵبژاردن.
 
دەشڵێت: "ئەنجوومەنی کۆمیسیاران رۆژی 7ـی ئایاری 2024 بە پێویستی زانی جێبەجێکردنی خشتەی کارەکانی رابگرێت بەهۆی راگرتنی کارکردن بە بڕگەی دوومی مادەی دووەمی سیستەمی تۆمارکردن و پەسەندکردنی بەربژێران بۆ هەڵبژاردن، ئەوەش وا دەکات کۆمیسیۆن پێویستی بە کاتی زیاتر بێت بۆ بەجێگەیاندنی خشتەی کارەکانی، ئەوەش پێویستی بە دواخستنی وادەی هەڵبژاردن هەیە کە پێشتر بە مەرسوومێکی هەرێمی دیاریکرابوو."
 
دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان روونیشیدەکاتەوە :"بەپێی یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، رێگەپێدراوە بۆ دابەشکردنی هەرێمی کوردستان بۆ چوار بازنەی هەڵبژاردن بەپێی بنەما بابەتییەکان، بەو پێیەی دادپەروەری و یەکسانی بڕەخسێنێت."
 
هەروەها دەڵێت: "کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ناتوانێت لە بڕیارەکانی پەیوەست بە پڕۆسەی هەڵبژاردن پشت بە بڕیارەکانی دادگەی فیدڕاڵیی ببەستێت، چونکە تایبەتمەند و پسپۆڕ نییە لەو بابەتە. ئەنجوومەنی کۆمیسیاران دەسەڵاتی یەکلاییکەرەوەی لە چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکییانە دەبێت کە پەیوەستن بە ئامادەکردن و جێبەجێکردنی هەڵبژاردنەکان. ئەو بڕیارانەی لەوبارەیەوە دەریاندەکات تەنیا لەبەردەم ئەم دەستەیە تانەیان لێدەدرێت."
 
دەستەی دادوەری لە ئەگەری درەنگکەوتنی یەکلاییکردنەوەی ئەو سکاڵایەی لەلایەن مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشکێشی دادگەکە کراوە، دەڵێت: "پێویست بوو لەسەر کۆمیسیۆن دوای ئەوەی زانی پێویستیی هونەری هەیە بۆ هەڵپەساردنی کارەکانی، داوا لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بکات کە تەنیا خاوەنی دەسەڵاتە بۆ دەرکردنی مەرسوومێکی هەرێمی لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنەکان، بەو شێوەیەی بتوانێت رێکارەکانی لە دوای یەکلاییکردنەوەی سکاڵاکە تەواو بکات بەپێی خشتەی کارەکانی کە پێشتر ئامادەکراوە."
 
رۆژی 6ـی ئایاری 2024، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سکاڵایەکی لە دژی سیستەمی دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان و لابردنی کورسیی کۆتای پێکهاتەکان لە دادگەی فیدراڵی سکاڵای تۆمار کرد. داوایکرد دادگەکە مادە دووی سیستەمی تۆمارکردنی لیستی بەربژێران و پەسەندکردنی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 7ـی ساڵی 2024 بە نادەستووری بزانێت.
 
رۆژی سێشەممە، 78ی ئایاری 2024 کۆمیسیۆن سەرجەم رێکارە هونەری و داراییەکانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان راگرت، دوای ئەوەی دادگەی فیدڕاڵی 7ی ئایاری 2024، داوای راگرتنی رێکارەکانی جێبەجێکردنی بڕگەی دووەمی مادەی 2ی سیستەمی تۆمارکردنی بەربژێران و پەسندکردنیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 7ی ساڵی 2024ی دا.
 
پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە 100 کورسی پێکدێت، بەسەر ئەم بازنانە دابەشکراوە:
 
1- پارێزگای هەولێر: 34 کورسی
2- پارێزگای سلێمانی: 38 کورسی
3- پارێزگای دهۆک: 25 کورسی
4-پارێزگای هەڵەبجە: 3 کورسی