زبڵی چۆمان لە دەروازەی شارەکە فڕێدەدرێت؛ دیمەنی ناشرینە و نەخۆشی بڵاودەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە دەروازەی قەزای چۆمان کە ناوچەیەکی گەشتیارییە، یەکەم دیمەن کە بەرچاوت دەکەوێت کەڵەکەی زبڵ و خاشاکە.
رێبین قانع، خەڵکی چۆمانە، دەڵێت: "چۆمان شارێکی گەشتیارییە، دەروازەکەی بەو زبڵ و خاشاکە زۆر ناشرین کراوە، بۆنێکی ناخۆشی هەیە و زۆر کاریگەریی کردووەتە سەر کاری ئەو پیشەوەرانەی نزیک شوێنی پاشماوەکانن."
رۆژانە نزیکەی نزیکەی 60 تۆن زبڵ و خاشاک لەو قەزایە فڕێ دەدرێت و دوای چەند رۆژێک جارێکی دیکە بار دەکرێتەوە و دەبردرێتە سۆران.
شارەوانیی چۆمان سێ ساڵە بەدوای شوێنێکی گونجاو دەگەڕێت بۆ فڕێدانی زبڵ و خاشاک، بەڵام تائێستا هیچ شوێنێکی گونجاو و دوور لە ئاوەدانییان دەست نەکەوتووە.
موخلیس ناوەندەیی، سەرۆکی شارەوانیی چۆمان دەڵێت، "ئەو شوێنەی ئێستا زبڵ و خاشاکی لێ فڕێدەدرێت زۆر زۆر لە ناچاری ئەوێمان هەڵبژاردووە، بەڵام ئێستا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ قایمقامیەت و کۆمپانیای پاککەرەوە لە هەوڵی ئەوەداین شوێنێکی دیکە دیاری بکەین."
ئەو سەرۆکی شارەوانییە لە رێگەی رووداوەوە پەیامی بۆ سەرمایەدارەکانی ناوچەکە هەبوو و گوتی، "هاوکاریان دەبین، هەر کەس لە توانایدایە با بێت شوێنێکی داخراو دروست بکات بۆ فڕێدانی زبڵ و پاشماوە."
جگە لە بۆنی ناخۆش و دیمەنی ناشرین، بەهۆی نزیکی لە ماڵی هاونیشتمانییان، مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیشی لێ دەکرێت.
هەر لە چۆمان نا بەڵکو لە سنووری پێنج قەزای دیکەش لە سنووری ئیدارەی سۆران، نەبوونی کارگەی ریسایکلین و شوێنی گونجاو بۆ فڕێدانی زبڵ و خاشاک کێشەیەکە و بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە.