نازم دەباغ: سەردانی سەرۆککۆماری ئێران بۆ هەولێر گرنگ دەبێت

رووداو  دیجیتاڵ

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران رایگەیاند لە سەردانەکەیدا بۆ عێراق، سەرۆککۆماری ئێران باسی ژمارەیەک دۆسیە لەگەڵ بەرپرسان دەکات، دەشڵێت، گرنگە سەردانی هەرێمی کوردستانیش بکات.
 
بڕیارە ئیبراهیم رەئیسی کۆتایی ئەم مانگە یان سەرەتای مانگی داهاتوو سەردانی عێراق بکات. 
 
نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، لەبارەی سەردانەکەی ئیبراهیم رەئیسی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "سەردانی سەرۆککۆماری ئێران بۆ تاوتوێکردنی ژمارەیەک دۆسیەی سیاسیی، ئابووری، سنووری و ئەمنییە لەگەڵ بەرپرسانی عێراقدا."
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە رۆژی شەشی ئەم مانگە لە تاران لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێران کۆبووەوە،  رۆژی 7ـی ئایار لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە تارانەوە رایگەیاند "بانگهیشتی جەنابیانم کردووە سەردانی هەرێمی کوردستانیش بکات، پێموایە بە جدی وەریگرت و پۆزەتیڤ بوو لەوەی قبووڵی بکات."
 
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران گوتی "دەگوترێت ئیبراهیم رەئیسی، سەردانی هەرێمی کوردستانیش دەکات، ئەگەر سەردانەکە بکات، خاڵێکی گرنگە، چونکە یەکەم؛ دەبێتە یەکەم سەرۆککۆماری ئێران سەردانی هەرێمی کوردستان بکات، جگە لەوەش هەر خۆی سەردانەکە گرنگە، چونکە ئێران دراوسێی عێراق و هەرێمی کوردستانە، رەئیسیش بەرپرسێکی گەورەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە."
 
نازم دەباغ، ئاماژەی بە سەردانەکەی مانگی رابردووی رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ بەغدا و دواتر هەولێر کرد و گوتی "ئەو سەردانەی سەرۆککۆماری ئێرانیش هاوشێوەی ئەو سەردانە بۆ هەرێمی کوردستان جێی بایەخ دەبێت."
 
عامر فایز، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق، بە رووداوی گوت "سەردانەکەی رەئیسی بۆ عێراق بەئەگەری زۆرەوە کۆتایی ئەم مانگە دەبێت."
 
بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارە، جگە لە باسکردنی دۆسیەکانی ئابووری کە لایەنێکی گرنگی کۆبوونەوەکان دەبێت هاوشانی بابەتە ئەمنییەکان، بڕیارە باسی سەردانیکارانی مەزارەکانیش بکرێت، لەوانە ژمارەیەک پڕۆژە بۆ ئاسانکردنی هاتووچۆی ئەو سەردانیکارانەی ئێران بۆ عێراق و بۆ مەزارە پیرۆزەکان. گوتیشی "رەنگە ژمارەیەک یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ لایەنی ئێرانیدا واژۆ بکرێت."
 
رۆژی 19ـی ئاداری 2023 عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەوکاتی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە بەغدا رێککەوتنی ئەمنیی نێوان هەردوو وڵاتیان واژۆکرد، یەکێک لە خاڵەکانی تایبەت بوو بە دوورخستنەوەی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان.
 
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، لەبارەی رێککەوتننامەی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران، گوتی "ئێران تائێستا لە رێککەوتننامەکە رازییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چاوەڕوانی جێبەجێکردنی تەواوی رێککەوتننامەکەیە." 
 
رۆژی یەکشەممە، 05ـی ئایاری 2024، نێچیرڤان بارزانی بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئێران. دواتر لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسانی باڵای ئێران کۆبووەوە لەوانە؛ عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆمار و حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە.