ماوهی پێشکێشکردن و تاقیکردنەوەى توانستى زانستى دکتۆرا و ماستەر درێژکرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە درێژکردنەوەى ماوەى پێشکێشکردن و دواخستنى وادەى ئەنجامدانى تاقیکردنەوەى توانستى زانستى بۆ خوازیاران و پێشکێشکارانى خوێندنى باڵا/ دکتۆرا، ماستەر و دیپلۆمى باڵا لە زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان.
رۆژی سێشەممە 16ـی ئایاری 2023، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، ئامانجیان رەخساندنی دەرفەتی زیاترە بۆ خوازیاران و پێشکێشکارانی خوێندنی باڵا.
بەگوێرەی بڕیارەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، درێژکردنەوەی ماوهی پێشکێشکردن بۆ خوێندنی باڵا، دیپلۆمى باڵا و ماستهر و دكتۆرا، لە رۆژی پێنجشەممە 18-05-2023ـەوە بۆ رۆژی یەکشەممە 04-06-2023 دەبێت.
ئاماژە بە دواخستنی تاقیكردنهوهی توانستی زانستی کراوە لە 29-5-2023ـەوە بۆ 12-6-2023.
ئەمساڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا زیاتر لە 7 هەزار کورسی راگەیاندووە کە پێکدێن لە: دوو هەزار و 308 کورسیی دیپلۆمی باڵای یەک ساڵە، 160 دیپلۆمی باڵا دوو ساڵەی پزیشکی، بۆ خوێندنی ماستەر سێ هەزار و 312 کورسی و بۆ خوێندنی دکتۆرا هەزار و 834 کورسی.
پرۆسەی پێشکێشکردن بۆ کورسیی ماستەر و دکتۆرا بەسەر سێ بازنە دابەش دەبێت:
بازنەی یەکەم؛ بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵایە.
بازنەی دووەم؛ بۆ ناوەندەکانی دیکەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
بازنەی سێیەم؛ بۆ پارالێلە کە بۆ هەموو هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستانە بە فەرمانبەر، دامەزراو و دانەمەزراوەوە.
لە 2ـی نیسان کاتی پێشکێشکردن بۆ ماستەر و دکتۆرا دەستپێکرد و بڕیاربوو تاوەکو 18ـی ئایاری 2023 بەردەوام بێت؛ رێکەوتی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی توانستی زانستیش رۆژی دووشەممە 29ـی ئایاری 2023 دیاریکرابوو؛ دەستپێکی خوێندنی دەکەوێتە مانگی ئەیلوولەوە و نەگۆڕاوە.
لەکاتی پێشکێشکردن بۆ ماستەر و دکتۆرا، بڕەپارەیەک لە پێشکێشکاران وەردەگیرێت کە لەنێوان 200 بۆ 250 هەزار دینارە و لە ئەگەری ناونەهاتنەوەشدا، ئەو پارەیە بۆ پێشکێشکار ناگەڕێنرێتەوە.