وەزارەتی کشتوکاڵ: شووتی خۆماڵی پێنەگەییوە؛ بۆیە تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە باج ناخرێتەسەر هاوردەکردنی
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، هاوردەکردنی شووتی تاوەکو 1ـی حوزەیران باجی ناخرێتەسەر؛ بەڕێوەبەری پلاندانان لە وەزارەتەکە دەڵێ، جیاواز لە ساڵانی رابردوو ئەمساڵ 15 رۆژ درەنگتر باج دەخەنەسەر شووتی هاوردە، چونکە بەرهەمی خۆماڵی پێنەگەییوە.
لە راگەیێندراوێکدا رۆژی سێشەممە، 16ـی ئایاری 2023، وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، دوای بەدواداچوونیان لە عەلوەکانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە شووتی خۆماڵی، بۆیان روونبووەتەوە کە هێشتا بەرهەمی خۆماڵی پێنەگەییوە؛ بۆیە ىڕیاریانداوە تاوەکو 1ـی حوزەیران باج نەخەنەسەر هاوردەکردنی شووتی.
لەوبارەیەوە شێخ هیشام عەبدولخالق، بەڕێوەبەری پلاندانانی وەزارەتی کشتوکاڵ رۆژی سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ساڵانە لە 15ـی ئایارەوە باج دەخرێتەسەر شووتی هاوردە، بەڵام ئەمساڵ 15 رۆژ کاتەکەیان درێژکردووەتەوە، چونکە بەرهەمی نێوخۆیی دواکەوتووە.
وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەکردووە، ىڕیارەکەیان پاڵپشت بە یاسای پاراستن و پێشخستنی بەروبوومی کشتوکاڵی ژمارە4ـی ساڵی 2008 و پاڵپشت بە نووسراوی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کورستان تایبەت بە پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی دەرکردووە.
ساڵانە لەگەڵ نزیکبوونەوەی بەرهەمی خۆماڵیدا، وەزارەتی کشتوکاڵ باجی زیاتر دەخاتەسەر بەرهەمە هاوشێوەکانی هاوردە، یان بەتەواویی هێنانیان قەدەخە دەکات.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ رووداو، ساڵی 2020 بەرهەمی نێوخۆیی شووتی 185 هەزار تۆن بووە و 112 هەزار تۆنیش هاوردە کراوە؛ بەڵام بەهۆی کاریگەرییەکانی وشکەساڵییەوە بەرهەمەکە لە ساڵی 2021 بۆ 108 هەزار تۆن کەمبووەوە؛ ساڵی رابردووش زیاتر لە 100 هەزار تۆن بەرهەمی شووتی لە هەرێمی کوردستان هەبووە.