زبڵ و خاشاکێکی زۆر لەنێو بازاڕی سلێمانی و نەخۆشخانەکانی هەڵەبجە کەڵەکەبووە

16-05-2023
عەدنان رەشید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دوو رۆژە کارگوزارانی نەخۆشخانەکانی هەڵەبجە بەهۆی پێنەدانی مووچەکانیان بایکۆتی کاریان کردووە و زبڵ و خاشاکێکی زۆر لەنێو نەخۆشخانەکان کەڵەکەی کردووە. لەنێو بازاڕی سلێمانیش بەهۆی بایکۆتی ژینگەپارێزان و پێنەدانی مووچەکانیان، خاشاکێکی زۆر کۆبووەتەوە. کۆمپانیایەکی پاککەرەوە لە سلێمانی دەڵێت، نزیکەی نۆ ملیار دیناریان لای حکومەتە و دەچنە بانکەکان و پێیان دەڵێن: "بانک پارەی تێدا نییە". تەندروستیی هەڵەبجەش هۆشداری دەدات لە وەستانی خزمەتگوزاریی تەندروستیی پارێزگاکە.
 
رۆژی سێشەممە 16-05-2023، غازی فەیسەڵ، ژینگەپارێز، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، لەبەردەم کامێرای رووداو دەستی بە گیرفانییدا کرد و گوتی: "تەنیا یەک هەزار دینارم لە گیرفاندایە".
 
غازی فەیسەڵ دەڵێت: "مووچەکەم مانگانە 350 هەزارە و دوو مانگە مووچەم وەرنەگرتووە. کرێچیم و پارەم نییە؛ خاوەن خانوو دەرمدەکات. خاوەن ماڵ و منداڵم و لەماڵ 12 ئەندامین. ئێستا جل و دەستکێشم نییە و خۆیشم نەخۆشم".
 

 

"50 رۆژە مووچەی ژینگەپارێزانمان نەداوە"
 
شکار شۆڕش، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای شکار بۆ پاککردنەوە لە بەرنامەی بەرپرسیار، بایکۆتکردنی کارەکانی کۆمپانیاکانی پاککردنەوەی رەتکردەوە و گوتی: "ژینگەپارێزان بایکۆتی کارەکانیان کردووە، نەوەک کۆمپانیا. ئێستا سێ کۆمپانیا کارەکانیان وەستاوە. نزیکەی 50 رۆژە مووچەمان بە ژینگەپارێزان نەداوە. کرێکارم هەیە پێویستی بە نەشتەرگەرییە و نەیکردووە، چونکە مووچەی پێ نەدراوە".
 
وەک شکار شۆڕش باسی دەکات، چوونەتە بانکەکان و پێیان راگەیێندراوە کە "لە بانک پارە نییە".
 
کۆمپانیای شکار نزیکەی هەزار و 100 ژینگەپارێزی هەیە و کارەکانیان لە سنووری شاری سلێمانی، دووکان و چەمچەماڵە.
جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای شکار دەڵێت، "نزیکەی 17 مانگە شایستە داراییەکانی کۆمپانیا کە مانگانە یەک ملیار بوو، کەمکراوەتەوە بۆ 450 ملیۆن دینار کە ئەمەش تەنیا پارەی مووچەی ژینگەپارێزانە؛ کۆمپانیا پێویستی بە کڕینی دەستکێشە، بە کڕینی خواردنی ژینگەپارێزانە. نزیکەی 9 ملیار دینارمان لای حکومەتە".
 
بەتەنیا کۆمپانیای شکار بۆ پاککردنەوە رۆژانە نزیکەی 150 تۆن خاشاک لەنێو سلێمانی کۆدەکاتەوە. شکار شۆڕش دەڵێت، ئێستا زیاتر لە 150 تۆن خاشاک لەنێو بازاڕی سلێمانی کۆبووەتەوە و دەڵێت،"داوامان لە ژینگەپارێزان کردووە بگەڕێنەوە سەر کار، بەڵام ئەوان دەڵێن، بێ مووچە ناگەڕێینەوە سەر کار".
 

 

 

"کارگوزار هەیە پارەی نییە بۆ شیری منداڵەکەی"

 

ئاشتی ساڵح، کارگوزاری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی منداڵان لە هەڵەبجە، لەبەرنامەی بەرپرسیاردا گوتی: "نزیکەی سێ مانگە مووچەمان وەرنەگرتووە؛ زۆربەمان کرێچین و رۆژانە هاتووچۆ دەکەین و خاوەن ماڵین. تاوەکو مووچە وەردەگرین قەرز دەکەین و کە مووچە دێت دەیدەینەوە قەرز. من تاوەکو ئێستا کرێی هاتووچۆم نەداوە. مانگانە 300 هەزار دینار وەردەگرم 50 هەزاری دەدەمە کرێ. کارگوزار هەیە پارەی شیری منداڵەکەی نییە".

 

 
"هیچ کۆمپانیایەک ئامادە نییە تەندەر وەربگرێت"
 
بێریڤان ئاوات، سەرۆکی لیژنەی جێبەجێکردنی راستەوخۆ لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە، لە بەرنامەی بەرپرسیاردا هۆکاری وەرنەگرتنی مووچەی کارگوزارانی بۆ رەزامەندینەدان بۆ درێژنەکردنەوەی جێبەجێکردنی راستەوخۆ گەڕاندەوە و گوتی: "نووسراومان بەرزکردەوە بۆ درێژکردنەوەی ماوەی جێبەجێکردنی راستەوخۆ، بەڵام رەزامەندی نەدرا و دووبارە نووسراومان ناردووەتەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران".
 
بێریڤان ئاوات، هۆکاری وەرنەگرتنی تەندەر لەلایەن کۆمپانیاکانەوە بۆ پاککردنەوەی نەخۆشخانەکانی هەڵەبجە دوو خاڵی سەرەکی گەڕاندەوە؛ نەبوونی سیولەی نەقدی و نەبوونی متمانە بە حکومەت بۆ وەرگرتنی شایستە داراییەکان و جیاوازی نرخی دۆلار و دینار.
 
تەندروستیی هەڵەبجە هۆشداری دەدات لە وەستانی خزمەتگوزاریی تەندروستی لە هەڵەبجە، "ئەگەر دۆخەکە وا بڕوات چەند بەڕێوەبەرێکی تەندروستیش دەستلەکاردەکێشنەوە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رووداو

پۆلیسی سلێمانی: لەسەر گیانلەدەستدانی مێرمنداڵێك کارمەندێکی هێزەکانی کۆماندۆ دەستگیركرا

پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، لەسەر دۆسیەی گیانلەدەستدانی مێرمنداڵێكی تەمەن 15 ساڵان لە گەڕەكی راپەڕینی شاری سلێمانی، تۆمەتبارێك کە کارمەندە لە فەرماندەیی هێزەکانی کۆماندۆ، دەستگیركرا و رادەستی هێزەكانی پۆلیس كرا.