لە فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک لیژنەی وردبینی زمان پێکهێنرا
رووداو دیجیتاڵ
لە فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک لیژنەی وردبینی زمان پێکهێنرا. سەرۆکی لیژنەکە دەڵێت: "لە سبەینێوە لیژنەکە دەستبەکاردەبێت و سەرجەم فۆرمە فەرمییەکانی تەندروستیی کەرکووک دەبنە دوو زمان و تابلۆکانیش چوار زمان."
رۆژی سێشەممە 16-05-2023، مستەفا زەنگەنە، سەرۆکی لیژنەی وردبینیی زمان لە فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر ئەوە یەکەمجارە لیژنەیەکی وردبینی زمان پێکدەهێنرێت و دەستبەکار دەبێت بەتایبەتی لە فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک، بۆیە ئەوە هەنگاوێکی باشە بۆ ئێمە."
لەبارەی کاری لیژنەی وردبینی زمان لە فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک، مستەفا زەنگەنە گوتی: "کاری لیژنەکە وردبینییە لە تابلۆکان، فۆڕمەکان، نووسراوە فەرمییەکان هەموو ئەوانەی لە فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک هەن، بۆ ئەوەی زمانی کوردی هاوشانی زمانەکانی دیکە بەکاربهێنرێت و دەبێتە فەرمی."
بەگوتەی سەرۆکی لیژنەی وردبینی زمان لە فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک سبەی لیژنەکەیان دەستبەکاردەبێت و دەشڵێت: "فۆرمە سەرەکییەکان دەبێتە زمانی کوردی و عەرەبی و تابلۆی فەرمانگەکانیش دەبێتە چوار زمان ئەوانیش کوردی، عەرەبی، تورکمانی و سریانییە."
مستەفا زەنگەنە پێیوایە، ئەو بڕیارە لە بەرژوەندیی زمانی کورد و هاووڵاتییانی کوردە و دەڵێت: "بەهۆی ئەو بڕیارە سبەی دەتوانین دەیان فەرمانبەری کورد بۆ نێو میلاکی فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک بۆ بەشی راگەیاندن بگوازینەوە، ئیدی لە هەموو نەخۆشخانەکان و کەرتی تەندروستیی کەرکووک خەڵکانێک دەبن کە دەرچووی زمانی کوردی بن یاخود شارەزاییان لە زمانی کوردیان هەبێت."
بەگوتەی مستەفا زەنگەنە، هاوکارییەکی زۆر کراون بۆ ئەوەی ئەو لیژنەیە پێکبهێنرێت و دەستبەکاربێت و دەڵێت: "شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، هەندێک لە ئەندامانی پەرلەمان، عەلی عەدنان، بەڕێوەبەری پشکنینی تەندروستیی کەرکووک، عەلی جەمیل، بەڕێوەبەری هۆبەی تەندروستی هاوکارییەکی زۆریان کردووین بۆ ئەوەی ئەو بڕیارە دەربچێت."