رووداو دیجیتاڵ
سەعدی ئەحمەد پیرە راگەیێندراوی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ قسەکردن لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان و نەهێشتنی جیاوازییەکانی نێو هەرێمی کوردستان و کێشەکانی تایبەت بە پرسی سەرۆککۆماری عێراق بە ئەرێنی ناودەبات و دەڵێت، "ئەو زمانە بەرەو ئامانجە بنەڕەتییەکانمان دەبات کە کۆکبوونە لەسەر بەرژەوەندییە نیشتمانیی و نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان."
رۆژی دووشەممە 16-5-2022، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان میوانی بوولتەنی کاژێر 08:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە لەلایەن بێستوون عوسمانەوە پێشکێش دەکرێت و رایگەیاند، "ئێمە ئالوودەی دۆخێکی چەقبەستوو و داخراوین، ئەگەر بمانەوێت لە زیانەکانمان فێربین، دەبێت بزانین ئەوەی لە رابردوودا روویداوە، رێگەی راستمان بۆی نەبووە، بۆیە پێویستە بیر لەوە بکەینەوە چۆن کێشەکانمان چارەسەر بکەین."
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەڵێت: سەرەتا دوو شاند لەلایەن یەکێتی و پارتییەوە بۆ بەغدا نێردران؛ ئەو شاندانە بۆ رێککەوتن لەگەڵ لایەنەکان نەنێردرابوون، بەڵکو ئامانجەکە ئەوەبوو زانیاری کۆبکەنەوە لە بەغدا و بێنەوە و لە کۆبوونەوەی فراوانی لایەنەکانی هەرێمی کوردستان قسە لەبارەی بابەتەکە بکرێت و شاندێکی هاوبەش دروستبکرێت.
بەگوتەی سەعدی ئەحمەد پیرە، "لە هەموو لایەک هەوڵی ئەرێنی هەیە و کاردانەوەی یەکێتی بۆ هەوڵ و دەستپێشخەرییەکان ئەرێنییە و زۆر بە گرنگییەوە گوێ رادەگرێت."
سەعدی ئەحمەد پیرە راگەیاندنەکان بە هۆکارێک دەزانێ بۆ دواکەوتنی کۆبوونەوەکانی نێوان یەکێتی و پارتی و دەڵێت، "لەم ئاڵۆزییانەدا راگەیاندنە راستەوخۆ و سێبەرەکان بە هیچ شێوەیەک یاریدەدەر نین بۆ ئەوەی بە زوویی دۆخێکی گونجاو بۆ دانیشتن و کۆتاییهێنان بە کێشەکان دروستبێت."
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەڵێت، "زمانی دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان زمانێکی نەرم بوو. ئەو زمانە دەتوانێت بەرهەمی هەبێت و بەرەو ئامانجە بنەڕەتییەکەمان دەبات کە کۆکبوونە لەسەر بەرژەوەندییە نیشتمانیی و نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ