گفتوگۆی رۆژنامەنووس: 'بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق تۆپەکە لە گۆڕەپانی پارتی و یەکێتیدایە'

16-05-2022
جووتیار قارەمان
A+ A-
 

رووداو دیجیتاڵ

بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق رایدەگەیێنێت، یاسای ئاسایشی خۆراک کە دادگەی فیدراڵی رەتیکردەوە، دەرگایەکی فراوانی بۆ گەندەڵی تێدا بوو، چونکە 35%ی بۆ ئاسایشی خۆراک بوو و ئەوی دیکەی بۆ پرۆژەکانی دیکە بوو، کە دەکرا حیزبەکان گەندەڵیی تێدا بکەن.
 
لە بەرنامەی گفتوگۆی رۆژنامەنووسدا لە رادیۆی رووداو، باس لە رەوشی عێراق و هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێ و پێشهاتە سیاسییەکان کرا، کە هەریەکە لە د. فازڵ نەبی، بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق؛ د. فەرهاد عەلائەدین، سەرۆکی ئەنجوومەنی راوێژکاریی عێراق؛ هیوا مەحموود عوسمان، رۆژنامەڤان و ئاکۆ محەممەد، رۆژنامەڤان تێیدا بەشداربوون.
 
د. فازڵ نەبی، بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق گوتی، "یاسای ئاسایشی خۆراک تەنیا لە بڕگەیەکدا باسی ئاسایشی خۆراک دەکات، کە 35%ی 35 تریلیۆن دینار بۆ ئاسایشی خۆراکە. ئەوەی دیکەی بۆ پرۆژەی دیکەیە، کە دەرگایەکی فراوان بوو بۆ گەندەڵی. بەڕاستی ئەمڕۆ دادگەی فیدراڵی رێگەی لە گەندەڵییەکی گەورە گرت، کە دەیانویست لەژێر ناوی ئاسایشی خۆراکدا خەڵکی فریوبدەن و یاری بە هەستەکانیان بکەن."
 
د. فەرهاد عەلائەدین، سەرۆکی ئەنجوومەنی راوێژکاریی عێراقیش ئاماژەی بەوە کرد، "بڕیاری دادگەی فیدراڵی لەبارەی حکومەتی کاربەڕێکەرەوە بۆ پێشکێشکردنی پرۆژەیاسا، وایکرد حیزبەکان هیچ هیوایەکیان نەمێنێت، کە پارە بۆ پرۆژەکان دیاریبکەن و دواتر ئەو بەشە پارەیە ببێتە سەرچاوەیەک بۆیان. واتە ئەو حیزبانەی چەندین ساڵە لەسەر بودجە و پرۆژەی ناو بودجە دەژین، ئێستا دەستیان ناگات بەو پارە زۆرەی کە لە خەزێنەی دەوڵەتدایە. حکومەتێکیش نەتوانێت بڕیاری دامەزراندن، لابردن و دارایی بدات، وادەکات حیزبەکان لەڕووی ئابوورییەوە شەلوکوت ببن."
 
لە دوو رۆژی رابردوودا موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر هەڵوێستی لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقەوە راگەیاند، کە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە.
 
سەدر داوا دەکات تاوەکو 30 رۆژی دیکە لایەنەکان حکومەت پێکبهێنن و هەردوو حیزبە هاوپەیمانەکەیشی سەرپشک کرد، کە بچن لەگەڵ هەر لایەنێکدا پێیانخۆشە حکومەت پێکبهێنن.
 
د. فازڵ نەبی، بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، "ئەوەی ئەو تویتەی سەدر کردی، هێنان و بردنێکی سیاسییە، هیچ راستییەکی نییە، بەتایبەتی کە 30 رۆژی دیاریکرد. مادام 30 رۆژەکەی دیاریکرد، بە هیچ شێوەیەک هاوپەیمانێتییەکەی هەڵناوەشێنێتەوە و وازیش لە بیرۆکەی زۆرینەی نیشتمانی ناهێنێت. قسەکانی دژ بە یەکن و دوای ئەو 30 رۆژە شتێکی دیکەی لە مێشکدایە."
 
د. فەرهاد عەلائەدین، سەرۆکی ئەنجوومەنی راوێژکاریی عێراقیش باسی لەوە کرد، "قسەکانی ئەمڕۆی موقتەدا سەدر زیاتر گلەیی و هێرش بوو بۆسەر نەیارەکانی و رەنگە هەڕەشەیشی تێدا بێت، کە خەڵک بهێنێتە سەر شەقام و خۆپێشاندان بکات. دوێنێیش هاوپەیمانەکانی سەرپشک کرد، کە خۆیان دەتوانن لەگەڵ هەر کەسێکدا حکومەت پێکبهێنن، کە ئەوەیش مانای وایە هاوپەیمانێتیی رزگارکردنی نیشتمان بەرەو هەڵوەشاندنەوە دەڕوات و دەستی لێبەرداوە."
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی راوێژکاریی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، "قسەکانی موقتەدا سەدر لێڵییەکیان تێدایە و دیار نییە 30 رۆژ یانی چی. هاوپەیمانێتی توانای نەما و هەموو هەوڵەکانی دا بۆئەوەی حکومەت پێکبهێنێت، بەڵام نەیتوانی."
 
هیوا مەحموود عوسمان، رۆژنامەڤانیش گوتی، "قسەکانی ئەمڕۆی موقتەدا سەدر دیمەنە سیاسییەکەیان ئاڵۆزتر کرد. دیارە ئێران گوشاری لەسەر لایەنەکان زۆرە، بەتایبەتی کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی وەکو خۆی بمێنێتەوە. لایەنێکی دیکەیش یەکێتی و پارتین کە تاوەکو ئێستا لەسەر سەرۆککۆمار رێکنەکەوتوون. لە بڕیاری نەوت و غازەوە تاوەکو بڕیارەکەی دوێنێی دادگەی باڵای فیدراڵی دەستوخەتی ئێرانی پێوە دیارە."
 
ئەو رۆژنامەڤانە گوتیشی، "ئەگەر یەکێتی و پارتی لەسەر نەخشەڕێگەیەکی تازە بۆ پێکهێنانی حکومەت رێکبکەون، رەنگە بتوانن حکومەت پێکبهێنن. بە بۆچوونی من تۆپەکە لە گۆڕەپانی دوو حیزبە کوردییەکەدایە."
 
دوای بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی لەبارەی نایاساییبوونی یاسای ئاسایشی خۆراکەوە، چەند کەسایەتی و لایەنێک باسیان لەوە کرد، کە ئەو بڕیارە دەستی حکومەت دەبەستێت لەوەی پرۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێ بکات و زیان بە خەڵکی عێراق دەگەیێنێت.
 
د. فازڵ نەبی، بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، "لایەنی ئابووری زیاد لە ئاستی خۆی قەبارەی دراوەتێ و خەڵکیان ترساند. ئەم حکومەتەی ئێستا هەیە راستە ناتوانێت هەندێک کار بکات، بەڵام حکومەتی کاربەڕێکەر دەتوانێت بە گوێرەی یاسای بودجە هەڵسوکەوت بکات و زیاد لە 90%ی کارەکانی بکات. یاسای کارگێڕیی دارایی رێگە بە حکومەت دەدات، چۆن هەڵسوکەوت بە پارەی گشتییەوە بکات لە ساڵێکدا، ئەگەر هاتوو بودجە پەسند نەکرابوو."
 
بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق باسی لەوەش کرد، ماددەی 13 لە یاسای کارگێڕیی دارایی دەڵێت، ئەو بودجەیەی لە ساڵی پێشووتر هەبووە، دەتوانرێت هەمووی خەرج بکرێت، تەنیا ئەو خەرجییانە نەبێت کە دووبارە نین. بودجەی ساڵی 2021 نزیکەی 129 تریلیۆن دینارە، کە نزیکەی 101 تریلیۆن دیناری بودجەی بەگەڕخستنە.
 
د. فازڵ نەبی روونیکردەوە، ئێستا حکومەتی کاربەڕێکەری عێراق دەتوانێت زۆر بە ئاسایی هەڵسوکەوت بەو 101 ملیار دینارەوە بکات، هەروەها دەیشتوانێت لە 28 تریلیۆن دینارەکەی بودجەی وەبەرهێنان بەکاربهێنێت. کەواتە هیچ کێشەیەکی گەورە لە ئارادا نییە، کە بگوترێت ئیدی دەستی حکومەت بەسترا و ناتوانێت هیچ بکات.
 
بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق دابەزاندنی نرخی دینار بەرانبەر بە دۆلار بە "ستەمێکی گەورە" لە خەڵکی عێراق ناودەبات و دەشڵێت، نرخی دراوی عێراقی وەکو خۆی دەمێنێتەوە و ئێستا یەدەکی بانکی ناوەندیی عێراق سەرووی 70 ملیار دینارە.
 
بە گوتەی د. فازڵ نەبی، بەگوێرەی ئەو قسانەی هەندێک کەس دەیکەن، داهاتی عێراق 21 تریلیۆن دینار زیادیکردووە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو 27 - 28 تریلیۆن دینار زیادبووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کۆمەڵی دادگەری

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری لە هەر 4 بازنەکەی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە. سەرۆکی لیستی ئەو حیزبە لە بازنەی هەولێر دەڵێت، خەڵک لە دەرەوەی کۆمەڵیش ویستبێتی لەسەر لیستی ئەوان خۆی بەربژێر بکات، پەسندیان کردووە.