بەڕێوەبەری ناحیەی سەنگەسەر: هێزەکانی ئێران حەوت هاونیشتمانیان لە سنوورەکەمان دەستگیرکردووە

 
رووداو دیجیتاڵ 

چەند هاونیشتمانییەک لە کوێستانەکانی گوندی کاسکان لە دەڤەری راپەڕین کە بۆ گیای بەهارە چووبوونە ناوچەکە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی "ئێرانەوە" دەستگیرکراون. بەڕێوەبەری ناحیەی سەنگەسەر دەڵێت، لە هەوڵداندان بۆ ئازادکردنیان. 
 
رۆژی دووشەممە 16ی ئایاری 2022، نەهرۆ عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ناحیەی سەنگەسەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێوارەی دوێنێ چەند هاونیشتمانییەک چوونەتە کوێستانەکانی گوندی کاسکان لە بناری قەندیل، لەوێ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە لەسەر سنوور تەقەیان لێکراوە، دواتر یەکێکیان بەهۆی ئەوەی هەڵاتووە، کەوتووە و قاچی لە دوو جێگەوە شکاوە، ئەویان جێهێشتووە و حەوت کەسیان دەستگیرکردووە."
 
بەڕێوەبەری ناحیەی سەنگەسەر باسی لەوەش کرد، لە هەوڵدان لەگەڵ کۆنسوڵخانەی ئێران بۆ ئازادکردنیان. 
 
لەو سنوورەدا ئەوە جاری یەکەم نییە رووداوی لەو شێوەیە رووبدات، وەکو نەهرۆ عەبدوڵڵا گوتی، پێنجشەممەی رابردوو 12ـی ئایار، لە هەمان سنوور هێزەکانی ئێران هاونیشتمانییەکیان "بریندار کردووە."