حکومەتی دۆمینیکا فرۆشتنی پاسپۆرتی وڵاتەکە بە خەڵکی هەرێمی کوردستان رادەگرێت

 
رووداو - هەولێر

حکومەتی دۆمینیکا، بە بڕیارێک فرۆشتنی وڵاتینامە و پاسپۆرتی وڵاتەکەی بۆ ماوەی مانگێک راگرت، ئەم بڕیارە بۆ هاونیشتمانییانی باشووری کوردستانە، بەتایبەتی هەولێر، ئامێدی، دهۆک، کەرکووک، لالش، رانیە، سۆران، سلێمانی و زاخۆ. حکومەتی ئەو وڵاتە دەڵێت، پێداچوونەوە دەکات بە مەرج و رێنوێنییەکان بۆ هاونیشتمانییانی باشووری کوردستان.
 
پێشەوا رەئوف، بەڕێوەبەری لقی هەولێری کۆمپانیای ئاڵت گرووپ رایگەیاند، "حکومەتی دۆمینیکا پێداچوونەوە بە یاساکانیدا دەکات، ئێستا بە شێوەیەکی کاتی داواکاریی پاسپۆرت و وڵاتینامەی راگرتووە تاوەکو کۆمەڵێک یاسای تازە بێت کە ئەو کەسەی لەمەودوا داوای وڵاتینامەو پاسپۆرت دەکات، دەبێت بە تەواوەتی بیسەلمێنێت کە سەرچاوەی داهاتی چییە و کارێکی هەبێت."
 
کۆمپانیایەکی دیکەش دەڵێت، دەتوانێت پاسپۆرت و وڵاتینامەی دۆمینیکا وەربگرێت، هۆکاری بڕیارەکە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە لە یەک ساڵی رابردوودا، کۆمەڵێک خێزان داوای مانەوەیان لە وڵاتی بەریتانیا کردووە، بۆ گەیشتنیشیان بە بەریتانیا پاسپۆرتی دۆمینیکایان بەکارهێناوە.
 
سالار عەبدولڕەحمان، خاوەنی کۆمپانیای بێڤەرلی بۆ گەشتوگوزار دەڵێت، "زۆربەیان لە بەریتانیا داوای پەنابەرییان کردووە، بۆیە بەریتانیا داوای یاسایی لەسەر حکومەتی بەریتانیا تۆمارکردووە کە زۆرترین خەڵک بەو پاسپۆرتە چووە."
 
ئامارە نافەرمییەکان ئەوە دەخەنەڕوو، بە تەنیا لە هەرێمی کوردستان پێنج بۆ حەوت هەزار کەس پاسپۆرت و وڵاتینامەی دۆمینیکایان هەیە، ساڵی 1993 حکومەتی دۆمینیکا بڕیاریدا پاسپۆرت و وڵاتینامەکەی بداتە کەسانی بیانی بە پەیڕەوکردنی چەند یاسایەک، خاڵی بەهێزی رەگەزنامەو پاسپۆرتەکە ئەوەیە هەڵگری پاسپۆرتەکە بۆ زیاتر لە 130 وڵات بەبێ ڤیزا دەتوانیت گەشت بکەیت. هاوکات پێویست بە مانەوە ناکات لەو وڵاتە، نرخەکەی لە 100 هەزار دۆلارەوە دەستپێدەکات و ئێستا بۆ خێزانێکی چوار کەسی 125 هەزار دۆلارە.