لە ترسی سووتاندن جووتیارانی کەرکووک زووتر گەنمەکانیان دروێنە دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
پێش کاتی ئاسایی خۆی، وەرزی دروێنە لە دەشتاییەکانی پارێزگای کەرکووک دەستی پێکرد. جووتیاران بۆئەوەی بەرهەمەکانیان لە مەترسیی لەنێوچوون بپارێزن، چەندین دەڕاسەیان هێناوە تاوەکو بەخێرایی کاری دروێنە کۆتایی پێبهێنن.
گەرچی هێشتا بەشێک لە گەنمی چێنراو سەوزە و ئەوانەی دروێنەش دەکرێن تەڕن، بەڵام جووتیاران ناچارن دروێنەی بکەن،
بۆئەوەی دانەوێڵەی چێندراویان لە سووتان بپارێزن. بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەکارییان کردووە.
لە ناوچەی تاڵەبانی لە باشوری قەزای داقووق، لە ساڵانی رابردوودا زۆرترین سووتانی دەخڵودان لە ناوچەکەدا تۆمارکراوە و هەندێ کاتیش لە ناوچەکانی خوارووی ئەو سنوورە بەهۆی زیادبوونی جموجوڵەکانی داعش، نەتواندراوە بەرهەمەکان دروێنەبکرێن.
محەممەد غازی، جووتیارە لە گوندی یەنگیجە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ساڵانی پێشوو چەند کێڵگەیەکمان سووتان، لەبەر دۆخی ئەمنیی ناوچەکە پەلەمان کرد لە دروێنە، تراکتۆرمان وەستاندووە و دیسکی پێوەیە، ئەگەر ئاگرێک بوو دەتوانین فریابکەوین، شۆفڵ و گرێدەریشمان هەیە بۆئەوە."
سەرهەڵدانەوەی پرۆسەی تەعریب لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی دروێنە یەکێکی دیکەیە لە مەترسییەکانی بەرهەمی جووتیاران
لەم ناوچەیە کە تاوەکو ئێستا سەدان دۆنم زەوی بە موڵکایەتی گەڕێندراونەتەوە بۆ کورد، بەڵام عەرەبی هاوردە دەستی بەسەرداگرتوون.
جووتیاران دەیانەوێ دروێنە زوو بکرێت تاوەکو زەوی و بەرهەمیان دووربێت لە چاوی تەماحی هاوردەکان.
شێخ عیزەدین تاڵەبانی، خاوەنی زەویوزارە لە ناوچەی تاڵەبانی، دەڵێت "چەند پارچەیەکمان هەیە و ئەوانەن بە موڵکایەتیش گەڕاونەتەوە بۆ کورد لە دەستەی کێشەی موڵکداری، بەڵام بەداخەوە لەدوای 16ـی ئۆکتۆبەرەوە ئەو زەوییانە دەستی بەسەرداگیراوە و لەلایەن هاوردەکانەوە بەهاوکاری راکان جبووری و لایەنە سیاسییەکان."
بۆ ئەمساڵ زیاتر لە 50%ـی بەرهەمی جووتیارانی سنووری پارێزگای کەرکووک کە دەکاتە 100% زەویوزاری دێمی بەهۆی کەمبارانی لەنێوچوون. ئەو زەوییانەی بەراون و پشت بە ئاودێری دەبەستن لەبەر دابەزینی ئاستی ئاوی سەر زەوی زیانیان پێگەیشت. فەرمانگەی کشتوکاڵ هۆشداری دەدەن ئەمساڵ بەرهەمی دانەوێڵە بە رێژەیەکی زۆر کەم دەکات.
زوهێر عەلی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکووک بە رووداوی راگەیاند، "ئەوە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ئەو ئاوە هەیە کە دەگاتە پارێزگای کەرکووک و پارێزگاکانی دیکەش، بێگومان ئەوە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر پانتایی پلانی کشتوکاڵی هەبووە بۆئەم وەرزە لە 50%ـی زەویوزار بێ کەڵک دەبێت بەراورد بە ساڵانی رابردوو."
ئەگەرچی ئەمساڵ کە بەهۆی وشکەساڵی بەشێکی زۆری بەرهەمی دانەوێڵە لەنێوچوو، بەڵام ئەو بەرهەمانەی بەراون و پێگەیشتوون جۆری گەنمەکەیان باشە و لە هەر دۆنمێک زەوی نزیکەی 900 کیلۆ تاوەکو تەنێک بەرهەم هاتووە.