شاندی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی کشتوکاڵ و بازرگانی سەردانی بەغدا دەکات
رووداو - سلێمانی
لە دوو رۆژی داهاتوودا شاندی هاوبەشی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، وەزارەتی دارایی و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات، لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و وەزارەتی بازرگانیی عێراق کێشەکانی نێوان هەردوولا تاوتوێ دەکەن.
شاڵاو جەمال، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی سلێمانی لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی بە کاتی سلێمانیی رادیۆی رووداودا رایگەیاند، شاندەکەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا بڕی دانەوێڵەی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکەن کە بڕیارە حکومەتی عێراق لە جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەربگرێت، هاوکات بازرگانیی نێوان هەردوولایش تاوتوێ دەکرێت.
شاڵاو جەمال ئاشکرای کرد، شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ لەبارەی پارەی گەنمی جووتیارانیشەوە دەکات کە تاوەکو ئێستا بەشێک لە پارەی گەنمی جووتیاران بۆ ساڵانی 2014، 2015 و 2016 رەوانەی هەرێمی کوردستان نەکراوە.
یەکێک لە گرفتەکان وەرگرتنی بڕی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە کە بەشێک دەبێت لە گفتوگۆکان.
پێشتر بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو رایگەیاند، ئەمساڵ زیاتر لە یەک ملیۆن تۆن گەنم لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام بەغدا 360 هەزار تۆن وەردەگرێت و ئەوەش غەدرێكە ساڵانە دووبارە دەبێتەوە.
ساڵانە هەرێمی کوردستان پێویستی بە 620 هەزار تۆن گەنمە، توانای کۆگاکردنی 618 هەزار تۆنی هەیە، تاوەکو ئێستاش حکومەتی عێراقی 557 ملیۆن دیناری پارەی گەنمی 2014، 2015 و 2016ی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی نەداوە.
حكومەتی عێراق ساڵانە بە نرخێكی پاڵپشتیكراو گەنم لە جووتیاران دەكڕێتەوە، بەڵام وەك جووتیارانی هەرێمی كوردستان باسی دەكەن، لەم رووەشەوە بەغدا غەدریان لێدەكات، لە زیاتر لە ملیۆنێک تۆن گەنم، هەر 360 هەزار تۆن گەنم لە هەرێمی كوردستان وەردەگرێت.
رۆژی 2020/02/09 دوای کۆبوونەوەی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، هەوڵدەدەن عێراق گەنمی جووتیاران بەپێی رووبەری داچێنراو وەربگرێت بۆئەوەی هەموو گەنمی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق وەربگرێت.
هەر لەو بارەیەوە حەمید نایف، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ئەوەی ئاشکراکردبوو، "ئەوەی راستی بێت ئەمساڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی کشتوکاڵی ھەرێمی کوردستان پلانێکی کشتوکاڵییان پێشکەش کردووە کە دوو ملیۆن و 600 ھەزار دۆنمە، ئەمە پلانێکی زۆر گەورەیە و لە سەرووی تواناکانی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقەوەیە".
عێراق ساڵانە پێوستی بە زیاتر لە پێنج ملیۆن تۆن گەنم ھەیە، پێشبینیی حکومەت بەو شێوەیە کە ئەمساڵ زیاتر لەو رێژەیە و شەش ملیۆن تۆن گەنم رادەستی سایلۆکان بکرێن، بۆیە بڕیاردراوە بە ھیچ شێوەیەک گەنم لە دەرەوە ھاوردە نەکرێت.