سۆران: ژنێك لە ماڵەكەی خۆیدا دەكوژرێت

16-05-2013
حەمید سەعید عەبدوللا
نیشانەکردن ژنکوژی
A+ A-
رووداو- سۆران

تەرمی ژنێک لە ماڵەکەی خۆیدا دەدۆزرێتەوە و مێردەکەیشی بە تۆمەتی کوشتنی دەستگیردەکرێت.

نەقیب محەممەد عەلی، بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی سۆران، بە (رووداو)ی راگەیاند: " کاژێر 6.30 خولەكی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 16-5-2013، لە گەڕەکی شەهیدانی ئازادی ناحییەی دیانا ئاگادارکراینەوە، کە ئافرەتێک لە ماڵەکەی خۆیدا کوژراوە".

ئەو بەرپرسە دەڵێ "دوای گەیشتنی ئەفسەری لێکۆڵینەوە، بۆمان دەرکەوت، ئافرەتێک بە ناوی (خ ح ف) لە دایکبووی ساڵی 1967 ی شارۆچکەی قەسرێ، کە خاوەنی 2 منداڵە، کوژراوە و ئێستا مێردەکەی بە ناوی (ح ا م) لە دایکبووی ساڵی1967 بە تۆمەتی کوشتنی ئەو ژنە دەستگیرکراوە".

نەقیب محەممەد عەلی گوتیشی "لە شوێنی رووداوەکە 24 قەوانی گولـلە دۆزراونەتەوە و هۆکاری کوشتنەکەش بۆ کێشەی کۆمەڵایەتی دەگەڕێتەوە".

تەرمەکە رەوانەی پزیشکی دادوەری سۆران کراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە.

نەقیب محەممەد عەلی، کوشتنی بەو شێوەیە لە ناوچەکە بە دەگمەن دەزانێت و رایگەیاند: "لەسەرەتای ئەمساڵەوە ئەمە یەکەم حاڵەتی لەم شێوەیەیە لەسنووری دەڤەری سۆران روودەدات".


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە