لافاوی چەند رۆژی رابردوو زیانی بە هەزاران دۆنم زەویی جووتیاران گەیاندووە

 
رووداو - ئاکرێ

بەهۆی لافاوەکەی چەند رۆژی رابردووەوە، بەشێک لە جووتیارانی سنووری ئاکرێ تووشی زیانی گەورە بوون. عەبدولمەناف موخلیس جووتیارێکی ئاکرێیە و زیاتر لە 60 هەزار بنە شووتی و خەیاری چاندبوو، بەڵام لافاوەکەی 12ی ئەم مانگە بەشێکی زۆری ئەو بنە شووتی و خەیارەی راماڵیوە و بۆری و سیستمی ئاوی کێڵگەکەشی لەناوبردووە.
 
عەبدولمەناف موخلیس، جووتیاری ئاکرێ دەڵێت، "بەهۆی لافاوەکەوە زیاتر لە 30 ملیۆن دینار زیانم بەرکەوت. زیاتر لە 180 بۆریی ئاوم زیانیان بەرکەوتووە کە پێنج ئینج و دوو ئینج و نیون. ئەگەر حکومەت قەرەبوومان بکات زۆر باشە. داوا لە عەلی تەتەر دەکەم بێتە سەر هێڵ."
 
لافاو زیانی بەو جووتیارانەش گەیاندووە کە پەتاتە، پیاز، شووتی و خەیاریان چاندووە. بەهۆی ئەوەی شووتی و خەیار لە قۆناخی سەرەتای گەشەکردندا بوون، پشکی شێری زیانەکانیان بەرکەوتووە. دوو جووتیار کە 22 دۆنم شووتییان چاندووە، بەڵام لافاو بەشێکی زۆری بەرهەمەکەی بردوون.
 
سەعد رەشید، جووتیار دەڵێت، 12 ملیۆن دیناریان لەو شەتڵانە خەرجکردووە و هەمووییان لەدەستچووە و دەبێت زەوییەکەیان بکێڵن.
 
بەڕێوەبەرایەتییەکانی کشتوکاڵ لە بەردەڕەش، شێخان و ئاکرێ دەستیان بە تۆمارکردنی زیانەکان کردووە. هێشتا داتای کۆتایی لەبارەی زیانەکان رانەگەیێندراوە، بەڵام بە هەزاران دۆنم و دەوروبەری 100 جووتیار زیانیان پێگەیشتووە.
 
فازڵ ئاکرەیی، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ دەڵێت، راپۆرت لەسەر زیانەکان ئامادە دەکەن، دەیدەنە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵ و داوای قەرەبووی جووتیاران دەکەن.
 
رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەی رابردوو (12 و 13ی نیسان) شەپۆلێكی بەخوڕی باران و بەفربارین ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە و لە هەندێک شوێن زیانی ماددی زۆری لێکەوتەوە، بەشێک لە زیانەکانیش بەر جووتیاران کەوتن.