مەسرور بارزانی: هەرگیز ناتوانین هاوبەش و بەشداربین لە خاکفرۆشی و گەندەڵی

16-04-2023
رووداو @Rudawkurdish
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "هیچ کات و هەرگیز ناتوانین هاوبەش و بەشداربین لە خاکفرۆشی، لە گەندەڵی، لە تیرۆر و تۆقاندن، سەرانە سەندن یان لەوەی کە خەڵک لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆمان بەکاربهێنین."
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بەربانگکردنەوە لەگەڵ پیشەوەرانی هەرێمی کوردستان چەند گوتەیەکی پێشکێش کرد و باسی دۆخی سیاسی و ئابووریی هەرێمی کوردستانی کرد. 
 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای یەکڕیزیی هەموو هێزێکی نیشتمانپەروەر دەکات کە "بڕوایان بە پاراستنی هەرێمی کوردستان بێت و بە خزمەتگوزاریی هاووڵاتییانی کوردستان بێت، بڕوایان بەوە بێت کە ئێمە بتوانین بەیەکەوە خزمەتی هەموو چین و توێژ و ئایینەکان بکەین، بڕوایان بەوە بێت کە رووبەڕووی گەندەڵی بوەستینەوە، بڕوایان بە وڵاتپارێزی بێت، ئێمە هەمیشە لەگەڵ ئەو لایەنانە یەکڕیزین."
 
بەڵام هاوکات مەسرور بارزانی گوتیشی، "هیچ کات و هەرگیز ناتوانین هاوبەش و بەشداربین لە خاکفرۆشی، لە گەندەڵی، لە تیرۆر و تۆقاندن، سەرانە سەندن یان لەوەی کە خەڵک لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆمان بەکاربهێنین."
 
لەڕووی ئابوورییەوە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "رۆژ بە رۆژ ئومێدمان زیاترە کە هەرێمی کوردستان بەرەو ئاسۆیەکی رووناکتر هەنگاو دەنێت. ئێمە هەرێمێکی سەقامگیرمان هەیە و سەقامگیرتریش دەبێت. لەگەڵ حکومەتی ناوەندی لە بەغدا هەموو هەوڵێکمانداوە بۆئەوەی کێشەکانمان چارەسەر بکەین و ئێستا گەیشتووینەتە دوا قۆناخی ئەو رێککەوتنەی کە ماوەیەک پێش ئێستا لەگەڵ عێراق واژۆمان کردووە و هیوادارم ئەوە یارمەتیدەرێکی زۆر بێت."
 
دەقی قسەکانی مەسرور بارزانی لە بەربانگکردنەوە لەگەڵ پیشەوەرانی هەرێمی کوردستان:
 
هەمووتان زۆر زۆر بەخێربێن بۆ ئەم ئێوارەیە و بۆ بەربانگکردنەوە. بۆ من جێی شانازییە کە لە خزمەتی ئێوەی خۆشەویستدا بم و ئەمڕۆ بەیەکەوە بەربانگ بکەینەوە.
 
پێش ئەوە دەمویست بەناوی هەمووتانەوە جارێکی دیکە سوپاسی پێشمەرگە قارەمانەکان بکەین کە لە سایەی زەحمەت و ماندووبوونی ئەوان ئێمە دەتوانین ئاوا بە ئارامی لە کوردستاندا بژین و لە شوێنێکە ئاوا بەیەکەوە کۆببینەوە. سەری رێز و نەوازش بۆ هەموو شەهید و بنەماڵە سەربەرزەکانیان دادەنوێنین و ئێمە قەرزداری ئەوانین.
 
ئێمە لەو ماوەیە هەموو هەوڵێکمان داوە و ئەوەی پێمان بکرێت لە خزمەتی ئێوەی خۆشەویستدابین و بێگومان ناحەزەکانی ئێمەش هەموو هەوڵێکیانداوە بۆ ئەوەی ئێمە نەتوانین لە خزمەتی ئێوەدابین و بە ئامانجەکانمان بگەین. ئەوەی جێی شانازییە، لەخوا بەزیادبێت کوردستان شوێنێکی ئارام و سەقامگیرە، نەک تەنیا بۆ هاووڵاتییانی کوردستان، بەڵکو بۆ خەڵکی دیکەش کە لە شوێن و ناوچەکانی دیکەی عێراق دێنە هەرێمی کوردستان. جێی دەستخۆشییە کە دەبینین کوردستان شوێنی پێکەوەژیانی ئایین و نەتەوە جیاوازەکانە. ئەمە شتێکە کە جێی شانازییە و حەقە خۆشتان شانازی بەخۆتان بکەن کە توانیوتانە بەشێکبن لەوەی کوردستان بکەن بە شوێنێک کە خەڵک رووی تێبکات.
 
لەڕووی سیاسییەوە ئێمە هەوڵی ئەوە دەدەین سەقامگیری سیاسی لە عێراق و کوردستاندا بەرقەراربێت، هەمیشە لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانە بووین و داوای یەکڕیزی هەموو هێزێکی نیشتمانپەروەر دەکەین کە بڕوایان بە پاراستنی هەرێمی کوردستان بێت و بڕوایان بە خزمەتگوزاری هاووڵاتییانی کوردستان بێت، بڕوایان بەوە بێت کە ئێمە بتوانین بەیەکەوە خزمەتی هەموو چین و توێژ و ئایینەکان بکەین، بڕوایان بەوە بێت کە رووبەڕووی گەندەڵی بوەستینەوە، بڕوایان بە وڵاتپارێزی بێت، ئێمە هەمیشە لەگەڵ ئەو لایەنانە یەکڕیزین. بەڵام هیچ کات و هەرگیز ناتوانین هاوبەش و بەشداربین لە خاکفرۆشی، لە گەندەڵی، لە تیرۆر و تۆقاندن، سەرانە سەندن یان لەوەی کە خەڵک لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆمان بەکاربهێنین. ئێمە گوتومانە لە خزمەتی ئێوەی خۆشەویست دەبین و خوا یارمەتیمان بدات بەردەوام دەبین لەوەی کە خزمەتی ئێوە بکەین.
 
لەڕووی ئابوورییەوە لەخوا بەزیادبێت، رۆژ بە رۆژ ئومێدمان زیاترە کە هەرێمی کوردستان بەرەو ئاسۆیەکی رووناکتر هەنگاو دەنێت. ئێمە هەرێمێکی سەقامگیرمان هەیە و سەقامگیرتریش دەبێت. لەگەڵ حکومەتی ناوەندی لە بەغدا هەموو هەوڵێکمانداوە بۆ ئەوەی کێشەکانمان چارەسەر بکەین و ئێستا گەیشتووینەتە دوا قۆناخی ئەو رێککەوتنەی کە ماوەیەک پێش ئێستا لەگەڵ عێراق واژۆمان کردووە و هیوادارم ئەوە یارمەتیدەرێکی زۆر بێت بۆ ئەوەی یارمەتی ئێوەش بدات لەڕووی ئابوورییەوە، چونکە دەزانم زۆربەی کاریگەرییە ئابوورییەکان لەسەر شانی ئێوەیە، وەکو کاسبکاران و کرێکاران و پیشەوەران. کاریگەرییەکانی ئابووری زۆرتر دەکەوێتە سەر شانی ئێوە. بۆیە ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین دۆخی ئابووری لە هەرێمی کوردستان باشتر بکەین.
 
زۆر ژێرخان یان زۆر دامەزراوە هەبووە کە بوونیان نەبووە، ئێمە هەوڵی ئەوەمانداوە ئەو دامەزراوانە دروستبکەین، کاریگەری زۆربەیان رەنگە ئێستا دەرنەکەوێت، بەڵام دوای ماوەیەکی دیکە کاریگەرییەکانی ئەم هەوڵانەش بەدەردەکەون. ئێمە بڕوامان زۆرە کە بتوانین کوردستان بەرەو ئاسۆیەکی گەشتر و رووناکتر ببەین و هەموو هەوڵ و تەقەلای ئێمەش لەپێناو ئەوەیە کە ئێوە ژیانێکی باشتر و خۆشگوزەرانترتان هەبێت. ئومێدی ئێمە ئەوەیە بتوانن ژیانێکی باشتر و ئاسوودەترتان هەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە