بەدواداچوونی رووداو؛ زیانی راگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان گەیشتووەتە سەروو نیو ملیار دۆلار
رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە سێ هەفتە بەسەر راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان تێپەڕیوە و تائێستا دەستی پێنەکردووەتەوە. هۆکارەکەی سزای دادگەی ناوبژیوانیی پاریسە بەسەر تورکیا.
نەهرۆ رواندزی، جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و وزە لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "دەبێت (تورکیا) ملیارێک و 500 ملیۆن دۆلار قەرەبووی عێراق بکاتەوە لەسەر ئەو بابەتە، هەروەها حکومەتی عێراق سکاڵایەکی دیکەشی لەسەر تورکیا تۆمار کردووە، کە داوا دەکات لە ساڵی 2009 تاوەکو ئەو کاتەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیرا، حکومەتی عێراق قەرەبوو بکاتەوە".
جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و وزە لە پەرلەمانی عێراق هەروەها دەڵێ بەهۆی ئەو بابەتانەوە "حکومەتی تورکیا هەناردەی نەوتی راگرتووە، تاوەکو وەکو کارتێکی گوشار بەکاریبهێنێت. (تورکیا) داوای دانوستاندن دەکات لەگەڵ حکومەتی عێراق، بۆ ئەوەی رێگەچارەیەک بدۆزێتەوە کە ئەو بڕە پارەیەی لەسەر لاچێت".
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، زیانی راگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی سێ هەفتەدا گەیشتووەتە سەرووی 500 ملیۆن دۆلار. تائێستا بە فەرمی کاتی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دیار نییە، بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەشی جگە لە رێککەوتنی ئەنقەرە و بەغدا، رێکارەکانی کردنەوەی هەژمارێکی بانکی، وەکو لە رێککەوتنەکەی 8ـی ئەم مانگەدا هاتووە، دەبێت ژمێرەی کۆمپانیا نەوتییەکان کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، یەکلایی بکرێتەوە، ئەوکات هەناردەکردن دەستپێدەکاتەوە.
رێبوار بابکەیی، ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "بەپێی ئەو بەڵگەنامەیەی لەنێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق واژۆکراوە، پێویستە حکومەتی عێراق دەستوبرد بکات لە دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوت، لە کاتێکیشدا بودجەی عێراق کورتهێنانی هەیە، بە وەستاندنی بەردەوامی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، کورتهێنانەکە زیاتر دەبێت".
رووداو زانیویەتی؛ ژمارەیەک لە کۆمپانیا نەوتییەکان کە لە کێڵگە گەورەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان کار دەکەن، لەدوای راگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت، هەڵکۆڵینی بیری نەوتیشیان راگرتووە.