کۆنسوڵی نوێی ئێران لە سلێمانی: یەکێک لە ئامانجەکانم کردنەوەی دەروازە سنوورییە نافەرمییەکانە
رووداو دیجیتاڵ
کۆنسوڵی نوێی ئێران لە سلێمانی دەستبەکاربوو و دەڵێت، یەکێک لە ئامانجەکانی کردنەوەی دەروازە سنوورییە نافەرمییەکانە بەڕووی گەشتیاراندا. هەروەها دەڵێت، هاوتەریب لەگەڵ پەیوەندییە ئابوورییەکان، پەرە بە پەیوەندییە کولتوورییەکانیش دەدەن.
رۆژی یەکشەمممە 16-04-2023 محەممەد مەحموودییان، لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە گەیشتە شارەکە بۆئەوەی لە رێگەی مەهدی شوشتەری، کۆنسوڵی پێشووی ئێران لە سلێمانی دەستبەکار ببێت.
محەممەد مەحموودیان لە وەڵامی پرسیاری ئەرکان عەلی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو، کە "ئایا بەرنامەی کاری لە سلێمانی چی دەبێت؟" گوتی، "مەبەستی سەرەکیی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و کولتوورییەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستانە، بەتایبەتی لە شاری سلێمانی." گوتیشی، "خاڵی هاوبەشی زۆر لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران لە بوارەکانی کولتووری، مێژوویی و شارستانی هەیە و هاوکات لەگەڵ پەیوەندییە ئابوورییەکان ئێمە خوازیاری پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانەین."
کۆنسوڵی نوێی ئێران، سلێمانی وەکو "ماڵی دووەمی خۆی" نێو برد و ئاماژەی بەوە کرد، ئاسانکاری بۆ هاتووچۆ لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران، ئامانجێکە کە دەبێت کاری بۆ بکرێت، "بۆ ئەوەی پەیوەندییەکان ببنە هۆی پەرەپێدانی خاڵه هاوبەشەکانی کولتووری، ئایینی و مێژوویی."
12 خاڵی سنووریی هاوبەش لەنێوان باشووری کوردستان و ئێران هەن، شەش لەو خاڵە سنوورییانە کەوتوونەتە پارێزگای سلێمانی، ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای هەڵەبجە. محەممەد مەحموودیان پێیوایە "هەبوونی شەش دەروازەی سنووریی فەرمی و نیمچە فەرمی لە پارێزگای سلێمانی، ئەو هەلە دەڕەخسێنێت کار بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان بکرێت، بە جۆرێک کە لە بەرژەوەندیی هەردوولا بێت."
کۆنسوڵەکە باسی لەوەش کرد، لە داهاتوودا هەوڵدەدرێت لە سلێمانی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە کولتوورییەکان، پێشانگەی کتێب و فێستیڤاڵی کولتووری و چالاکیی لەو شێوەیە رێکبخرێت.
هەرێمی کوردستان سێ دەروازەی نێودەوڵەتیی لەگەڵ ئێران هەن، ئەوانیش پەروێزخان لە سنووری ئیدارەی گەرمیان و باشماخ لە سنووری پارێزگای سلێمانی و حاجی ئۆمەران لە سنووری پارێزگای هەولێرن. هەروەها دەروازەکانی کێلێ لە پشدەر، سەیرانبەن لە سنووری پارێزگای سلێمانی، پشتە و تەوێڵە لە سنووری هەڵەبجە، کە نێودەوڵەتی نین.
دەروازەی سەیرانبەن یەکێکە لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و ئێران؛ لە دیوی هەرێمی کوردستانەوە دەکەوێتە سنووری قەزای پێنجوێن و لە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستانیشەوە دەکەوێتە رۆژئاوای شاری بانە لە پارێزگای سنە؛ دەروازەکە لە ساڵی 2001 بە نافەرمی کرایەوە و ئاڵوگۆڕی بازرگانیی تێدا دەکرێت، بەڵام بەڕووی گەشتیارانی هەرێمی کوردستان و ئێران وەکو دەروازەیەکی فەرمی نەکراوەتەوە.
محەممەد مەحموودیان لەبارەی دەروازەی سنووریی سەیرانبەن و دەروازە نیمچە فەرمییەکانی دیکەی پارێزگای سلێمانی گوتی، "یەکێک لە ئامانجەکانی ئێمە ئەوەیە بە هاوکاریی بەرپرسانی شاری سلێمانی، بتوانین گرفتەکانی بەردەم کردنەوەی دەروازە سنوورییەکان چارەسەر بکەین، بۆئەوەی بتوانین پەیوەندییە ئابوورییەکان پەرە پێبدەین."
کۆنسوڵەکەی ئێران ئەوەشی خستەڕوو، تائێستا هیچ دیدار و گفتوگۆیەکی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان نەبووە و یەکەم دیداری لەگەڵ د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە کاتی هاتنی لە فڕۆکەخانە بووە؛ دەشڵێت، "هیوادارم لە داهاتوودا پەیوەندییەکانم لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان زیاتر بکەم."
محەممەد مەحموودیان لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری رووداو کە شێوازی جلوبەرگەکەی وەکو هی خەڵکی سلێمانییە، گوتی، "زەوینەی کولتووری و مێژوویی هاوبەش لەنێوان هەردوولا زۆرە."
پێشتر مەحموودیان سەرۆکی نووسینگەی داکۆکی لە بەرژەوەندییەکانی ئێران لە قاهیرە و بەڕێوەبەری گشتیی ئێرانییەکانی دەرەوەی وڵات لە وەزارەتی دەرەوە بووە.